١١ هەزار کەس لە ئامێدی پزیشکی ددانیان نیە

964+

عەمار عەزیز – ئامێدی

نەخۆشخانەکەی ئامێدی، تەنیا یەک پزیشکی ددانی لێیەو ئەویش لە مۆڵەت دایە، ئەمەش وایکردووە هەر کەسێک ددانی ژان بکات بە ناچاریی دەبێت روو لە دهۆک بکات کە ٧٣ کیلۆمەتر لێیەوە دوورە.

زیاتر لە حەوت مانگە، تاکە پزیشکەکەی ددان لە نەخۆشخانەی گشتی ئامێدی مۆڵەتی وەرگرتووە، ئەمەش دانیشتووانی ئەو قەزایەی ناچار کردووە بۆ چارەسەری ددان ئێشە بچنە دهۆک کە ٧٣ کیلۆمەتر لێیەوە دوورە کە بە کاتژمێرێک و ٢٣ خولەک دەگەیتە دهۆک.

مێڤان ئامێدی، دانیشتوویەکی قەزای ئامێدییە و رۆژنامەنوسە دەڵێ؛ چەندینجار کەسوکارەکەی بۆ ددان ئێشە چوونەتە نەخۆشخانەی ئامێدی، بەڵام بەبێ چارەسەر گەڕاونەتەوەو بە ناجاری روویان لە دهۆک کردووە

“چ خوا قبوڵ دەکات بۆ ددان ئێشەیەک روو لە دهۆک بکەین”. مێڤان وادەڵێت، ئەوەشی دەخاتەڕوو کە تەنیا یەک پزیشک هەبوو، ئەویش چووەتە دهۆک و کلینێکێکی تایبەتی لەوێ کردووەتەوە و ناگەڕێتەوە بۆ دەوام.

دکتۆر ئیبراهیم حەسەن محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای ئامێدی بە 964+ـی وت، مۆڵەتی پزیشکەکە لە جۆری مۆڵەتی دایکایەتییە، بەڵام مێڤان ئامێدی رۆژنامەنووسەکەی ئامێدی دەڵێ، ئەو پزیشکە هاوسەرگیری نەکردووە چۆن موڵەتی دایکایەتی وەردەگرێت.

بەپێی بەدواداچوونێکی +964، ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری قەزای ئامێدی سەرووی ١١ هەزار کەس دەبێت، بە ناحیەکانی سەرسەنگ، دێرەلوک، چەمانکێ، کانی ماسی، بامەڕێی و شیلادزێ دەگاتە سەرووی ١٠٠ هەزار کەس.

لە هەموو سنووری قەزای ئامێدی تەنیا سێ پزیشکی ددان هەن، لە ناحیەی چەمانکێ و دێرەلوک و سەرسەنگ.

بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای ئامێدی دەڵێت “زیاتر لە حەوت مانگە سەنتەری ئامێدی بێ پزیشکی ددانە، مافی خەڵکە ئەو گلەییە لە ئێمە بکەن بەڵام دەسەڵاتی دامەزراندن یان گرێبەستمان نیە”.

زیاتر وتی “ماوەیەک پزیشکێکی ددانم وەک خۆبەخش هێنا، دواتر لایەنی پەیوەندیدار بەمنیان وت وەزارەتی تەندروستی قبووڵ ناکات هیچ کەسێک وەک خۆبەخش دەوام بکات ناچاربووین ئەویشمان ناردەوە”.