حەوزی ماسییەکانی کەرکوک دەڕوخێندرێن
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بە هۆی مەترسی وشکەساڵییەوە بەڕێوەبەرایەتيی سەرچاوەکانی ئاوی کەرکوک، داوا لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەکات سەرجەم حەوزی ماسییەکانی سنووری کەرکوک تێکبدات.
بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوەکانی ئاو بە هۆی مەترسی وشکەساڵی بە نووسراوی فەرمی داوای لە فەرماندەی ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کردووە هاوکارییان بکەن لە رووخاندنی حەوزی ماسییەکان لە سنوری کەرکوک، کە بەشێوەیەکی نایاسايی زیادەڕۆییان کردووە و حەوزیان دروستکردووە.
زەکی مەردان، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی کەرکوک بە 964ی وت، بڕیاری رووخاندنی حەوزی ماسی بڕیارێکی ناوەندییە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عیَراق، بەهۆی کەمی بارانەوە ئەگەری مەترسی وشکەساڵی هەیە “راستە ئەمساڵ رێژەی بارانبارین باش بوو، بەڵام ئەوە چوار ساڵە وەکو پێویست نەبووە”.
وتیشی، داوايان لە نوێنەری فەرمانگەی کارەبا و شارەوانی و کشتوکاڵ و فەرماندەیی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک كردووە، هاوبەشيان بن لە تێکدانی حەوزی ماسییەکانی سنووری کەرکوک و بە تایبەت لە ناوچەکانی ناحیەی پردێ و ناحیەی لەیلان و قەزای دوبز، کە زیاتر لە حەوت هەزار حەوزی ماسی دەبێت وهەڵمەتەکە بەم زووانە دەستپێدەکات .
پێداچوونەوە: توانا نەقی