رێکخراوێک ئامێری دروستکردنی دابیندەکات

چیتر هەنگەوانان پێویستیان بە مێوی دەرەکی نییە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

کشتوکاڵی سلێمانی ئامێری دروستکردنی مێوی هەنگ بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە دەکات و بەوەش هەنگەوانان لە کڕینی مێوە دەرەکییەکە رزگاریان دەبێت.

مێوی هەنگ بناغەی دانانی شانەیە لە لایەن هەنگەوە. ئەگەر ئەو مێوەی بۆ دانەندرێت، ئەوا هەنگ پێویستی بە 12 کیلۆ شیلەی گوڵە بۆ دروستکردنی و ئەوکاتە بەرهەمی هەنگوینەکەی کەم دەبێت.

ئامێرەکە لە لایەن رێکخراوی JIZی ئەڵمانییەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی دابینکراوە و پێشتر هەر ئەوان بیناکەشیان بۆ دروستکردووە.

دوو ئامێری تری بچووک هەبوون بۆ دروستکردنی مێوی هەنگ، ئەوانیش لە رانییە و هەریر بوون، بەڵام قەرەباڵغییەکی زۆریان لەسەر بوو. ئەوە وتەی دڵشاد محەمەد، بەرێوەبەری هۆبەی هەنگی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانییە بۆ 964.

دەشڵێت، پێشتر مێوی ئێرانی، چینی و میسڕی لە بازاڕ هەبوون و نەدەزاندرا کوالێتییەکەی چۆنە.

ئەگەر هەنگێک بەبێ دانانی مێو بۆی سێ کیلۆ هەنگوینی هەبێت، ئەوا بە دانانی مێوەکە نزیکەی 15 کیۆلۆی دەبێت.

دڵشاد محەمەد وتیشی، هەنگەوانان ساڵانە مێوەکان دەردێننەوە و رەش بوون و دووبارە دەتوێندرێنەوە، دواتر بەو ئامێرە لەبەرچاوی خۆیان مێوی نوێ و کوالێتیان بۆ دروستدەکرێتەوە.

بەڕێوەبەری هۆبەی هەنگی کشتوکاڵی سلێمانی دڵنیایی دا ئەو ئامێرە مێوی پێویست بۆ هەنگاوانانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین دروستدەکات.