حکومەتی عێراق بڕیاریداوە لە بازاڕەکان لەبری دۆلار مامەڵە بە دینار بکرێت
964+
فەهمی نەبی
بەپێی هەواڵێکی کەناڵی فەرمی عێراقی (العراقیة) پۆلیسی کەربەلا هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ بازاڕی ئەو شارە و سەردانی شوێنی فرۆشتنی بەکۆمەڵیان کردووە، بەجۆرێک لەمەوبەدوا لەبری ئەوەی کاڵا و شتومەکەکانیان بە دۆلار بفرۆشن دەبێت مامەڵەکانیان بە دینار بێت.
بەوتەی ئەو هێزە ئەمنیەی چوەتە بازاڕی کەربەلا دەڵێن ئەو بڕیارە لە پێناو سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار و بەهێزکردنی دیناری عێراقیە.
هەڵمەتەکە بە بەشداری هەریەکە لە پۆلیسی کەربەلا و بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی نیشتیمانی و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازاڕ بووە.
چەند دوکاندارێک قسەیان بۆ کەناڵی عێراقیە کردووە دەڵێن، بۆ ئێمە مامەڵەکردن بە دینار ئاسانترە وەک لە دۆلار، جگە لەوە پارەی عێراقی بەهای بۆ دەگەڕیتەوە.
لەلایەکی دیکە بەشی نەهێشتنی تاوان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق نوسراوی بۆ سەرجەم پێشانگاکانی ئۆتۆمبێڵ کردووە لە پارێزگای سەڵاحەدین، پێویستە لەمەوبەدوا لەبری دۆلار لە کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێڵ بە دیناری عیراقی مامەڵە بکەن.
حکومەتی عێراق چەند رێوشوێنێکی نوێی گرتوەتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرزی نرخی دۆلار لە بازاڕ، بەپێی وتەی بەرپرسی ئەو هەڵمەتە بێت کە لە کەربەلا بەڕێوەچووە، ئامانجی هەڵمەتەکە یەکخستنی نرخی دۆلاری بازاڕە لەگەڵ نرخی دۆلار بەگوێرەی ئەوەی بانکی ناوەندی کە بۆ هەر 100 دۆلارێک 132 هەزار دینارە.