بانکی میلی ئێران _ وێنە: فارس نیوز
سبەی دەوامی ئاسایی دەستپێدەکاتەوە
بانکەکانی ئێران دەکرێنەوە
ژێوار خدر
سەرجەم لقەکانی بانک لە سەرتاسەری ئێران دەکرێنەوە و لە بەیانی رۆژی شەممەوە دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە، ئەم هەنگاوە دوای ماوەیەک لە پەککەوتنی دەوامی بانکەکان دێت کە بەهۆی بارودۆخی شەڕ و ئاڵۆزییە ئەمنییەکانەوە داخرابوون.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە، بڕیاری کردنەوەی بانکەکان هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، هاوڵاتییان دەتوانن لە سبەی شەممە 11.4.2026ەوە بۆ راییکردنی کارە داراییەکانیان سەردانی بانکەکان و لقەکانیان بکەن.
داخستنی بانکەکان وەک رێکارێکی فریاگوزاری بوو لە کاتی چڕبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان تاران و ئیسرائیل، ئێستا لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانەکانی پاکستان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵدەدەن لەرێگەی کردنەوەی بانکەکانەوە دۆخی ئابووری و بازاڕی ناوخۆ ئاسایی بکەنەوە.