بڕیارەکە بۆ دایەنگەکانی سلێمانییە

ئەگەر نەخۆشی هەوکردنی مێشکیان تیادا دەرکەوێت دەبێت 10 رۆژ دابخرێن

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

هەر دایەنگەیەک نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشکی تیادا دەربکەوێت دەبێت بۆ ماوەی 10 رۆژ دابخرێت. ئەوە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانییە.

بڕیارەکە بۆ رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە لە ئەگەری دەرکەوتنی لە دایەنگەکان

نووسراوەکە رۆژی 2.5.2023 دەرچووە و رۆژی 7.5.2023 ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی، بەشی دایەنگەکان کراوە.

لە بڕیارەکەدا ئەوەش هاتووە، پێویستە رەچاوی پاکوخاوێنی و هەواگۆڕکێ بکرێت لە دایەنگەکاندا.

هەروەها هەر کارمەندێکی دایەنگە ئەگەر لە ماڵەوە بەرکەوتنی هەبووبێت لەگەڵ تووشبوویەک، ئەوا پێویستە لانیکەم بۆ ماوەی 10 رۆژ مۆڵەت وەربگرێت.

ئەگەر تێبینی کرا منداڵێک تا، سەرئێشە، ملڕەقبوون و رشانەوەی هەیە، پێویستە دەستبەجێ ببرێت بۆ نزیکترین بنکەی تەندروستی. ئەوەش لە بڕیارەکەی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانیدا هاتووە.

هەوکردنی پەردەی مێشک حاڵەتێکە تیایدا ئەو پەردەیەی دەوری مێشک و دڕکەپەتک دەدات تووشی هەوکردن دەبێت، جا بە ڤایرۆس بێت یان بەکتریا و زیاتریش تووشی منداڵان دەبێت.

نەخۆشییەکە سەرەتا لە هەڵەبجە و دواتر لە سلێمانی دەرکەوت و بە پێی وتەی پزیشکەکان، حاڵەتەکان لە زیادبووندان و رۆژانە زیاتر لە پێنج منداڵ تووش دەبن.