لە سیدەكان نه‌خۆشخانه‌یه‌كی 25 ته‌ختى و بانكێك دروست دەكرێن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ سنوورى قه‌زاى سیده‌كانى سه‌ر به‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران، ره‌زامه‌ندیى دراوه‌ له‌سه‌ر دوو پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى، یه‌كه‌میان نه‌خۆشخانه‌یه‌كی 25 ته‌ختەییه‌ و زۆربه‌ى كاره‌كانى ته‌واو كراوه‌،  دووه‌میشیان بانكێكه‌ به‌م زووانه‌ ‌به‌ردى بناغه‌ى داده‌نرێت.

ئیسحان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەكان، به‌ 964ـى راگه‌یاند، پڕۆژەی نەخۆشخانەی 25 تەختی كاركردنی تێدا بەردەوامە و وتیشی “به‌شێكی زۆرى كاره‌كانی ته‌واو كراوه‌، گوژمه‌ى دروستكردنیشی بریتییه‌ له‌ سێ ملیار و 442 ملیۆن و 384 هه‌زار دینار”.

ئاماژەشی بەوەش دا، دروستكردنى بانكى سیده‌كان به‌م زووانه‌ به‌ردى بناغه‌ى بۆ داده‌نرێت و ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنى ده‌كرێت، “گوژمەی 978 ملیۆن دینار بۆ دروستكردنه‌كه‌ى ته‌رخان كراوه‌”.

به‌ پێی زانیارییه‌كانى 964، به‌پێی ئه‌و دیزاینه‌ى بۆ دروستكردنى نه‌خۆشخانه‌كه‌ كراوه‌، پێكهاته‌ى ناو نه‌خۆشاخانه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ 25 تەختی نەخۆش، دوو هۆڵی نەشتەرگەری، بەشی فریاكەوتنی خێرا، كلینیكی ددان، بەشی تاقیگە، بەشی تیشك و بەشی كارگێڕی و خزمەتگوزاری نەخۆشخانە.

نەخۆشخانەكە لەسەر رووبەری 10 هەزار مەتر چوارگۆشە و رووبەری باڵەخانەكەش لەسەر دوو هەزار و پێنج مەتر چوارگۆشە دروستكراوە.