دۆلار 148 هەزاری تێپەڕاند

بازاڕ چاوەڕێی بانکی ناوەندییە

964+

فەرمان سادق

لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار نزیکەی دوو هەزار دینار هەڵکشا، وتەبێژی بازاڕی دروای هەولێریش دەڵێت، ئەگەر بانکی ناوەندی دۆلاری کەمتر بخاتە بازاڕ ئەوا بەهای بەرزتر دەبێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11.5.2023، کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دراو لە هەولێر بە 964ـی وت، بەهای 100 دۆلار ئێستا بەرامبەر بە 148.250 دینارە، لە سلێمانی بەراورد بە هەولێر بەردەوام 100 دینار گرانترە و لە بەغداش هەزار تاوەکو 750 دینار هەرزانترە.

وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر، هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری بۆ کەمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی گەڕاندەوە، ئاماژەی بەوەشکرد پێشتر مانگانە RT بانک 800 ملیۆن دۆلاری لە بازاڕی دراوی هەولێر دەکردە دینار، بازاڕەکانی کوردستان کێشەی کەمی دۆلاریان نەبوو، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە و ئەوەی بانکی ناوەندیش بڕەکەی کەمە، ئەگەر بە یەکسانی بەسەر پارێزگاکانیش دابەش بکرێت ئەوا پارێزگای دوو ملیۆن دۆلارێکی بەردەکەوێت کە ئەو برە بۆ شارێکی وەک هەولێر زۆر کەمە.

دەشڵێت: ئەوە جگە لە رێکارە زەحمەتەکانی هێنانی دۆلار لە بەغدا بۆ هەولێر کە ئەمەش کاریگەری دروستکردووە.

بە تێگەیشتنی کەیفی خۆشناو، بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بە لێدوانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بانکی ناوەندی نابێت، بەڵکو پێویستە بە کردار ئەوە بکەن و دۆلاری زیاتر بخاتە بازاڕەوە.

زیاتر وتیشی “ئەگەر ئەمڕۆ بانکی ناوەندی دۆلاری کەم بخاتە بازاڕەوە، ئەوا بەهای دۆلار 148 هەزار دینار تێدەپەڕێنێت و زیاتر بەرز دەبێتەوە”.