سێ رێنمایی نوێ لە بانکی ناوەندییەوە

964+

فەهمی نەبی

بانکی ناوەندیی عێراق پابەندی خۆی بە پاڵپشتی پێدانی دۆلار بە کۆمپانیاکان و ئەوانەی گەشت دەکەن بە نرخی 132 هەزار دینار دووپاتکردەوە، لەگەڵ ئەوەدا چەند رێنماییەکی نوێی بۆ کۆمپانیاکان راگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشممە بانکی ناوەندی، ئەو سێ رێنماییەی راگەیاند، کە پەیوەستن بە کۆمپانیاکان، لەو رێگەیەشەوە بۆ رێکخستنی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕ و مۆڵەکان و دەستخستنی کارتی بانکی.

بە پێی خاڵی یەکەمی رێنماییەکە، دەبێت کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بچنە بەشی کۆمپانیاکان تا دڵنیابن لەوەی داواکارییەکانیان لەرێگەی پەنجەرەی ئەلیکترۆنی جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش بۆ فرۆشتنی دراوی بیانی بە شێوەیەکی فەرمی بە نرخی بانکی ناوەندی.

خاڵی دووەمی رێنماییەکە پەیوەندیدارە بە دوکان و مۆڵەکان کە بۆ ئاسانکاری کڕیاران پێویستە ئامێری POS (ئامێری ئەلیکترۆنی پارەدان) دابنێن تا پارەدان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی لە مۆڵ و دوکانەکان هەبێت.

خاڵی سێیەمی رێنماییەکەی بانکی ناوەندی، تایبەتە بە دەستخستنی کارتی بانکی لەلایەن بانکەکانەوە تا ئاڵوگۆڕی پارە بە ئەلیکترۆنی ئاسان بکرێت.

دوای ئەوەی لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار دابەزی، هۆکاری سەرەکی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار پەیوەستکرا بە رێکارەکانی بانکی فیدرالی ئەمریکا، لەو کاتەوە نرخی دۆلار جێگیر نییە و بانکی ناوەندی چەندین رێکاری گرتووەتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بردنەدەرەوەی دۆلار بۆ دەرەوە.