وەبەرهێنەرانی سلێمانی ئامادەنین یەکەی نیشتەجێ بۆ کرێنشینان دروست بکەن

+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی

تا ئێستا هیچ وەبەرهێنێک ئامادەیی نیشان نەداوە یەکە بۆ کرێنشینان دروست بکات، وەبەرهێنانی سلێمانیش هانای بۆ دەستەی وەبەرهێنان بردووە.

عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی بە +964ـی راگەیاند؛ بانگهێشتی هەموو وەبەرهێنەرە سەرکەوتووەکانیان کردووە، بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێ بۆ کرێنشینان، بەڵام تا ئێستا هیچ وەبەرهێنێک وەڵامی ئێمەی نەداوەتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، مانگی ئایاری رابردوو بڕیاری دروستکردنی ٢٠ هەزار یەکەی بۆ کرێنشینان راگەیاند کە بە قیستی درێژخایەن دەدرێت بە کرێنشینان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی دەڵێ؛ دروستکردنی ئەو یەکانە بۆ وەبەرهێنەران زۆر ئاسانە، بەڵام هێشتا وەڵامی ئێمەیان نەداوەتەوە.

لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هەروەها قەزای بەردەڕەش و پارێزگای دهۆک و هەولێریش، ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ دەستپێ کردنی دروستکردنی ئەو یەکانە، بەپێی دابەشکردنی ٢٠ هەزار یەکەکەش بێت، ئەوا پارێزگای سلێمانی بە ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینەوە هەشت هەزار و ٦٠٠ یەکەی بەردەکەوێت، ئیدارەی ئەو ناوچانەش زەوییان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە لە عەربەت و تاسڵوجە بۆ یەکەکانی سلێمانی.

پێوەند بەو پرسە یاسین مەحمود، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەران دەڵێ؛ دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرانبەر دروستکردنی ئەو یەکانە پڕۆژەی تر بدەن بە وەبەرهێنەران کە قازانجی تێدا بکات.

زیاتر وتی “دەبێت خزمەتگوزارییەکانی ناو پڕۆژەکە لەسەر حکومەت بێت نەک خودی وەبەرهێنەران، یانیش دەبێت بە پارە هاوکاری وەبەرهێنەرەکان بکات و یارمەتییان بدات”.