دوو ساڵە کار ناکەن
فشارەکان بۆ کردنەوەی غەسالەکانی گەرمیان چڕکراوەتەوە
+964
هونەر فارس- گەرمیان
فشارەکان بۆ کردنەوەی کارگەکانی چەو و لم لە گەرمیان بەردەوامن و ئیدارەی گەرمیانیش بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە لەگەڵ فەرمانگەکانی گەرمیان لە گفتوگۆدایە.
دوای داخستنیان بە هۆی تێکدانی ژینگەی رووباری سیروان و گۆڕینی رێڕەویی ئاوی و کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ، ئێستا خاوەن کارگەکانی چەو و لمی سنووری گەرمیان، لە هەوڵی کردنەوەی کارگەکاندان.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست 964کەوتوە، خاوەن کارگەکانی چەو و لم، لە رێگەی بەرپرسانی حزبی و حکومەییەوە، بۆ کردنەوەی کارگەکان فشاری زۆریان خستووەتە سەر ئیدارەی گەرمیان و داوا دەکەن رێگەیان پێبدرێت دەست بە کارکردن بکەنەوە.
ئێستا ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ فەرمانگەکانی سنوورەکە لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی میکانزمێکی گونجاو بۆ دەستبەکاربوونەوەی ئەو کارگانە دابنێن، کە لەگەڵ ئەو رێنمایانەدا بگونجێت، کە بۆیان دیاریکراوە، بە وتەی چۆمان ئەحمەد بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی ئیدارەی گەرمیان بۆ 964.
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان نزیکەی 40 کارگەی چەو و لم هەن، لە دوو ساڵی رابردوودا دوای کەمپەین و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان دژی تێکدانی ژینگەی رووباری سیروان و گۆڕینی رێڕەوە ئاوییەکانی رووبارەکە، بڕیاری رێکخستنەوەی کارگەکان درا، بەڵام بە هۆی رێکنەخستنەوەیانەوە نزیکەی دوو ساڵە کارکردن تێیاندا راگیراوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا