کوڕان زیاتر لە کچان تووشدەبن

تەندروستی جیهانی: هەڵەبجە ناوەندی بڵاوبوونەوەی هەوکردنی پەردەی مێشکە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

رێکخراوی تەندروستی جیهانی، شاری هەڵەبجە بە ناوەندی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک دەزانێت و دەڵێت، ئەو منداڵانەی تووش دەبن لەسەر و شەش ساڵەوەن و کوڕانیش زیاتر لە کچان تووش دەبن.

دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، رێکخراوەکە لیژنەیەکی رەوانەی کوردستان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لێی.

رێکخراوەکە لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی ئەمڕۆ سێشەممە 9.5.2023 لە زاری ئەحمەد زویتن، نوێنەری رێکخراوەکە لە عێراق بڵاویکردووەتەوە، هیچ حاڵەتێکی مردن تۆمار نەکراوە و تەندروستی هەڵەبجەش پێویستی بە دەرمان و کارمەندی تەندروستی هەیە.

لە ئێستادا رێکخراوی تەندروستی جیهانی 20 نموونەی لە شلەی مێشک و بڕبڕەی پشتی منداڵانی تووشبوو بە مەبەستی تاقیکردنەوە وەرگرتووە و دەینێرێت بۆ تاقیگەیەکی هاوبەشی رێکخراوەکە بۆ زیاتر دڵنیابوون لە نەخۆشیەکە.

بەمزووانە راهێنانێکی پسپۆڕی لەسەر ئەو نەخۆشیە بۆ کارمەندانی ئەو نەخۆشخانانەی سلێمانی و هەڵەبجە دەکەنەوە، کە ئەو نەخۆشانەیان لەخۆگرتووە. ئەحمەد زویتن وای وتووە.

هەوکردنی پەردەی مێشک حاڵەتێکە کەوا تیایدا ئەو پەردەیەی دەوری مێشک و دڕکەپەتک دەدات تووشی هەوکردن دەبێت جا بە ڤایرۆس بێت یان بەکتریا.

ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بە 964ی راگەیاند، 41 تووشبووی هەوکردنی پەردەی مێشکمان هەیە و حاڵەتەکان لە زیادبووندان.

وتیشی، “پێویستمان بە 130 کارمەندە و داوامان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە بۆمان دابمەزرێنن، لەگەڵ بودجەی پێویست بۆمان”.