دوای مانگێک

هێشتا بە تەواوی هاوینەهەواری سۆلاڤ لە پاشماوەی لافاو پاک نەکراوەتەوە

964+

عەمار عەزیز-دهۆک

دوای نزیکەی مانگێک لە دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای دهۆک، هێشتا پاشماوەی لافاوەکە لە هاوینەهەواری سۆلاڤ ماوە.

دوو رۆژ دوای دروستبوونی لافاوەکەی رۆژی 12.4.2023، تیمەکانی شارەوانی قەزای ئامێدی سەرقاڵی پاککردنەوەی هاوینەهەوارەکەن.

حەمید محەمەد ساڵح، بەرێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدی بە 964ی وت “دوو رۆژ دوای لافاوەکە تیمەکانمان خەریکی پاککردنەوەی هاوینەهەوارەکەن، تەنیا رۆژانی جەژن پشوومان داوە، رۆژانە پێنج تا شەش کارمەند کاردەکەن، بەڵام لەبەرئەوەی ئۆتۆمبێل ناگاتە بەشی سەرەوەی هاوینەهەوارەکە، کارمەندەکان بەدەست و بێڵ کاردەکەن”.

بەوتەی حەمید محەمەد، تەنیا پاککردنەوەی مەلەوانگەکە نۆ رۆژی ویستوە، لە خوار مەوانگەکە 500 مەتری دیکە پاککراوەتەوە.

لە هاوینەهەواری سۆلاڤ، نزیکەی 45 دوکان، کافیتریا و چێشتخانە هەیە، بەدیارترین شوێنی گەشتیاری قەزای ئامێدی هەژماردەکرێت.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدی دەڵێت: پاککردنەوەی ئەو شوێنە زۆر قوڕسە، بەشێک لە پاشماوەکان بەدەست فرێ دەدرێن، ساڵانە بە دوو رۆژ پاکدەکرایەوە، بەڵام ئەمساڵ پاشماوەیەکی زۆر کۆبووەتەوە، دوای سۆلاڤ رووباری ئامێدی پاک دەکەینەوە.

لە سنووری قەزای ئامێدی 92 شوێنی گەشتیاری تۆمارکراون، لەگەڵ ئەوەدا لەو قەزایەدا نزیکەی 170شوێنی شوێنەوار هەیە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی