ماوەی لێخۆشبوونی ئاو مانگێک درێژ دەکرێتەوە

964+

فەرمان سادق

ماوەی لێخۆشبوون لەسەر قەرزی ئاو بۆ هاوبەشان بۆ مانگێک درێژ دەکرێتەوە.

لێخۆشبوون بە رێژەی 15% بۆ هاوبەشانی ئاو لە دانەوەی قەرزەکانیان، سبەی چوارشەممە 10.5.2023، ئەو مانگەی بۆی دانرا بوو، کۆتایی دێت.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، لەبەر زۆری خواستی هاوبەشان، بڕیاردراوە ماوەی مانگێکی دیکەش درێژ بکرێتەوە.

بە قسەی بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بێت، تەنیا لە 20 رۆژدا 11 هەزار و 84 هاوبەش سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاویان کردووە لە پارێزگا و یەکە سەربەخۆکان، بە هەموویانەوەش 396 ملیۆن دینار قەرزی ئاویان داوەتەوە.

دەشڵێت: هێندەی ئاگادار بین، لە 10 رۆژی کۆتایی ئەو مانگەدا هاوڵاتییەکەی ئێجگار زۆر سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاویان کردووە بۆ سوودمەند بوون لەو لێخۆشبوونە، بۆیە پێشبینی دەکەم ژمارەی سوودمەند بووان لە 11 هەزارەوە هەڵکشێت بۆ 20 هەزار و بڕی دانەوەی قەرزەکەش بگاتە سەرووی 700 ملیۆن دینار.