نهێنی پتەوی و باشی بلۆکی رانیە ئاشکرا دەبێت

کارگەکان مانگانە نیو ملیۆن بلۆک بەرهەم دەهێنن

+964

مەجید بیتوێنی – رانییە

+وێنە و ڤیدیۆ

چەو لمی رانیە نهێنی پتەوی و بەرزی کوالێتی کارگەکانی بلۆکی ناوچەکەن کە مانگانە نیو ملیۆن بلۆک بەرهەم دەهێنن، زۆرترین خواستیش لە سلێمانی و سۆرانە بۆ ئەو بلۆکانە.

دەڤەری راپەڕین، هاوشانی دەیان تایبەتمەندی تر لەوانە بەناوبانگی بە ناوچە گەشتیارییەکانی و ماستی مانگاکانی، ئەوا هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و بوونی جۆرێکی باشی چەو و لم کە یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی دروستکردنی بلۆک، وایکردووە سەدان کارگەی دروستکردنی بلۆک لەو ناچەیە بوونی هەبێت.

پەیامنێری +964دەڵێ؛ لە دەڤەری راپەڕین زیاتر لە ٥٠ کارگەی دروستکردنی بلۆک ئێستا لە کاردان، توانای بەرهەمهێنانی مانگانەشیان دەگاتە نیو ملۆن بلۆک.

زاهیر ئەحمەد جاف، خاوەنی کارگەی بلۆکی بیتوێن کە یەکێکە لە کۆنترین کارگەکانی ناوچەکە دەڵێ؛ جووتی بلۆک بە ٦٥٠ دینار دەفرۆشین، ئەمەش نرخێکی زۆر هەرزانە بەراورد بە بەرهەمی کارگەکانی دەرەوەی ئیدارەی راپەڕین، نرخی ئەوان ١٠٠ بۆ ٢٠٠ دینار لەوەی ئێمە گرانترە.

ئەو خاوەن کارگەیە، ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هاوکارییەکی کارگەکانی بلۆک ناکات لە دابینکردنی گازوایل بە نرخی پاڵپشتی، هەروەها ئەو باجە زۆری دەخرێتە سەرمان، وتی “ئەمەش هۆکار بووە کە لە ٢٠١٤ـەوە تا ئێستا بەهۆی قەیرانی دارایی تا ٥٠ کارگەی بلۆک لە ناوچەکەدا دایبخەن”.

+964 دەزانێت، زۆرترین خواست لەسەر بەرهەمی بلۆکی ناوچەکە لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە.

زاهیر ئەحمەد جاف، خاوەنی کارگەی بلۆکی بیتوێن نهێنی ناوبانگی پتەوی و کوالێتی بەرهەمی بلۆکی کارگەکانی رانیە ئاشکرا دەکات و، دەڵێ؛ ئەوە پەیوەندی بە چەو و لمی ناوچەکە هەیە کە پێکهاتەیەکی سەرەکی دروستکردنی بلۆکە.

کارگەی بلۆکی بیتوێن لە دەڤەری راپەڕین – ڤیدیۆ +964