دوای سێ ساڵ کارکردن لە کارگەی چەوەندەری چوارقوڕنە هەر وەستاوە
964+
مەجید بتوێنی – چوارقوڕنە
پرۆژەی کارگەی چەوەندەری شەکر لە ناحیەی چوارقوڕنە لە ئیدارەی راپەڕین، سێ ساڵ لەمەوبەر بەبڕی 114 ملیۆن دۆلار لەسەر ڕوبەری 100 دۆنم زەوی بەردی بناغەی دانرا.
دوای چەند مانگێگ لە وەرگرتنی پرۆژەکە، ئەو وەبەر هێنەرەی کە پرۆژەکەی وەرگرتبوو وەبەرهێنێکی ناوخۆیی بووە و نەچووە کارەکانی ئەنجامبدات.
کامەران شێخە، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە وزانیاری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی راپەڕین بە 964ی راگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست لەگەڵ وەبەرهێنە ناوخۆییەکە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، دوای بڕینی سەرجەم قۆناغە ئیدارییەکان و وەرگرتنی پرۆژەکە و سیاج کردنی دواجار وەبەرهێنەکە لەکاتی خۆیدا نەهاتووە کارەکان بکات.
964 پەیوەندی کرد بە سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە و کۆمپانیای ئابورلاند کە وابڕیاربوو کارەکە ئەنجام بدات بەڵام ئامادە نەبوو لەم بارەیەوە قسەبکەن.
بەپێی زانیارییەکانی 964 بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی راپەڕین پێی باشە پڕۆژەکە بدرێتە کۆمپانیایەکی بیانی، بۆ ئەو مەبەستەش ماوەی دوو مانگە پڕۆژەکە خراوەتە موزایەدەیەکی نێودەوڵەتی، بەڵام تائێستا هیچ وەبەرهێنێکی ناوخۆیی و بیانی پرۆژەکەی وەرنەگرتووە.
پرۆژەکە دەبوایە لەماوەی 720 رۆژدا تەواو بکرێت و هەلی کار بۆ هەشت هەزار کەس لەناوچەکە بڕەخسێنێت، ئەگەر پرۆژەکە تەواو بکرێت رۆژانە توانای وەرگرتنی پێنج هەزار تۆن چەوەندەری هەیە.
دەشتی بیتوێن خاکەکەی گونجاوە بۆ چاندنی چەوەندەری شەکر، پێشتر بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ لەلایەن چەند جوتیارێکەوە چەوەندەر بەرهەم هاتووە بۆ دڵنیابونەوە، بەمەش هەلی کاری زیاتر بۆ جوتیارانی ناوچەکە دەڕەخسێنێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی