خولی تۆپی پێی عێراق ئەمڕۆ دەستپێ دەکاتەوە

هەموو دونیا سەرقاڵی مۆندیالە

+964

ئەرسەلان عەبدوڵڵا ٠ هەولێر

دوای نزیكه‌ی مانگێك وه‌ستان، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٢٤ـی تشرینی دووه‌م، یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی تۆپی پێی نایابی عێراق ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ بەهۆی مۆندیالیەوە زۆرینه‌ی خوله‌كان له‌ وڵاتانی دونیا وه‌ستاون.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، به‌ ئه‌نجامدانی پێنج یاری له‌ گه‌ڕی شه‌شه‌م، خولی نایابی عێراق ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.

له‌ یارییه‌كانی ئه‌مڕۆدا یانه‌ی دهۆك له‌ به‌غدا رووبه‌ڕووی یانه‌ی ته‌ڵه‌به‌ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ یارییه‌كی به‌هێز ده‌بێت، هه‌روه‌ها یانه‌ی نه‌ورۆز له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر یانه‌ی نه‌جه‌ف یاریی ده‌كات.

یارییه‌كانی دیكه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بن “نه‌فتی وه‌سه‌ت – دیوانییه‌”، نه‌فتی به‌سڕه‌ – نه‌فتی میسان”، “قوه‌ی جه‌وییه‌ – حدوود”.

یارییه‌كانی گه‌ڕی شه‌شه‌م سبه‌ی هه‌ینییش به‌رده‌وام ده‌بن و له‌ به‌هێزترین یارییشدا یانه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆیدا به‌رامبه‌ر یانه‌ی شوڕته‌ یاریی ده‌كات، هه‌روه‌ها یانه‌ی زاخۆ ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی ئه‌لقاسم.

“ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خولی عێراق له‌ كاتێكدایه‌، ئێستا له‌ قه‌ته‌ڕ یارییه‌كانی مۆندیالی ٢٠٢٢ به‌ڕێوه‌ده‌چێت”

یارییه‌كانی خولی عێراق له‌ ٣٠ـی تشرینی یه‌كه‌می رابردوو وه‌ستا، ئه‌مه‌ش به‌ هۆی یارییه‌ دۆستانه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و كه‌مپی مه‌شقی تیپه‌كه‌ له‌ ئیسپانیا.

ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خولی عێراق له‌ كاتێكدایه‌، ئێستا له‌ قه‌ته‌ڕ یارییه‌كانی مۆندیالی ٢٠٢٢ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا خوله‌ نێوخۆییه‌كان وه‌ستاون.

گۆڤه‌ند عه‌بدولخالق ئه‌ندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق له‌ رۆژانی رابردوو به‌ 964+ی راگه‌یاند، نزیكه‌ی مانگێكه‌ خولی عێراق وەستاوە‌ ، ناكرێت له‌وه‌ زیاتر بوه‌ستێت، مۆندیال مانگێك ده‌خایه‌نێت، به‌ڵام خولی عێراق له‌ 38 گه‌ڕ پێكهاتووه‌ و یارییه‌كان زۆرن، سه‌ره‌تای ساڵی نوێ و له‌ مانگی یه‌كیشدا جامی كه‌نداوی عه‌ره‌بی له‌ به‌سرە‌ ده‌ستپێده‌كات، كه‌ به‌م هۆیه‌وه‌ مانگێكی تر خولی عێراق ده‌وه‌ستێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر خوله‌كه‌ زیاتر بوه‌ستێت، زۆر زه‌حمه‌ته‌ ته‌واو بكرێت”.

خولی نایابی عێراق به‌ به‌شداریی ٢٠ یانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، له‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ چوار یانه‌ به‌شداریی خوله‌كه‌یان كردووه‌.