پێشمەرگەی سلێمانی خۆی بۆ کاراتێی عێراق ئامادە دەکات
964 +
یادگار محەمەد – سلێمانی
تیپی کاراتی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، ئامادەکارییەکانی چرکردووەتەوە، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ پاڵاوتنەکانی عێراق.
یانەی پێشمەرگەی سلێمانی ماوەی مانگێکە ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە، تا لە قۆناغی کۆتایی پاڵاوتندا بتوانێت زۆرترین یاریزانی بگاتە ریزی هەڵبژاردەی عێراق.
شاخەوان ئەحمەد راهێنەری کاراتێی یانەی پێشمەرگە، بە تۆری 964 ـی راگەیاند، ساڵانە فیدراسیۆنی عێراق لە بەرنامەی خۆیدا و بە مەبەستی دەستنیشانکردنی هەڵبژاردەی عێراق، پاڵاوتن بۆ ئاستی تەمەنە جیاوازەکانی یاریزانان ئەنجام دەدات.
ئەو راهێنەرەی تیپی کاراتێی پێشمەرگە وتیشی، هەموو ساڵێک یانەکەیان بەهۆی ئاستی بەرزی یاریزانەکانییەوە بە ژمارەیەکی زۆر لەسەر ئاستی تەمەنەکان دەچنە ریزی هەڵبژاردەی عێراقەوە، بۆ پاڵاوتنی ئەمساڵیش پێشمەرگە بە 7 یاریزانەوە خۆی ئامادەکردووە.
بە پێی پرۆگرامی فیدراسیۆنی کاراتێی عێراق، لە رۆژانی هەینی و شەممەی داهاتوو 12 و 13 ـی ئایاری 2023 لە شاری بەغدا، قۆناغی کۆتایی پاڵاوتنی یاریزانانی عێراق، بۆ ئاستی تەمەنەکانی 14 و 15 و 16 و 17 و ژێر تەمەنی 21 ساڵان و پێشکەوتووانی کوران، بۆ هەردوو جۆری کۆمیتێ و کاتا ئەنجام دەدرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا