لە چوار مانگدا لە هەولێر
77 هەزار و 389 گوڵ و دار چێندراون
964+
كوردستان ئەحمەد
لە سەرەتای ساڵەوە تا مانگی پێنجی 2023، لە زیاتر لە 77 هەزار گوڵ و دار لە سەنتەری شاری هەولێر چێندراون و رۆژانەش 240 ئامێر و مەكینەی جۆراوجۆر كاری بڕینەوە و خزمەتكردنی ناوچە سەوزاییەكان دەكەن.
رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر كە سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرە رایگەیاند، لە سەنتەری شاری هەولێر 77 هەزار و 389 گوڵ و دار لە 48 شوێنی شاری هەولێر لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێرەوە چێندراون.
رۆژانە 240 ئامێر و مەكینەی جۆراوجۆر لە هەڵمەتی بڕینەوە و خزمەتكردنی پاركەكاندا كاریان كردووە.
رۆژانە لە پارك و باخچە و دوورگەناوەندی و ناوچە سەوزاییەكان نزیكەی 37 تۆن خۆڵ و خاشاك كۆدەكرێنەوە و چارەسەر دەكرێت.
لە هەولێر، 194 باخچە، 22 پاركی گەورە، 22 پشتێنەی سەوزایی، 84 دوورگەناوەندی و 177 دارستان و چەند نەمامگەیەكی شارەوانی و 116 نافوورە هەیە و بەردەوامیش كار لەسەر زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر دەكرێت.
هەموو ئەم زانیارییانە لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگیراوە.