بەهار و دییە لەسەر ئاستی عێراق یەکەم بوون
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە یاریگای جادریە لە شاری بەغدا و لەژێر چاودێری فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق، پاڵاوتنی یاریزانانی کچان بۆ خوار تەمەن 23 ساڵ ئەنجامدرا،بۆ دەستنیشانکردنی هەڵبژاردەی عێراق و بەمەبەستی بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەب.
لەسەر ئاستی رکابەرییەکانی پێشبڕکێی یەک باز و سێ باز، بەهار ئەحمەد کچە پاڵەوانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
نزار ئەکرەم سەرپەرشتیار و راهێنەری یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بە 964 راگەیاند: هەمیشە تیپەکەمان لە قۆناغە جیاوازەکانی پاڵاوتندا پاڵەوانی ئاست بەرزی هەبووە، هەربۆیە بەردەوام لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقدا پاڵەوانەکانی یانەی پێشمەرگە بە کچان و کوڕانەوە بەشداری پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە دەکەن.
لە پێشبڕکێکانی یەک بازدا بەهار ئەحمەد بە چوار مەتر و 86 سم لە نێو شەش رکابەردا توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت، لە پێشبرکێی سێ بازیشدا بەهار بە 11 مەتر و 11 سم پلەی یەکەمی مسۆگەرکرد.
لەلایەکی ترەوە و سەبارەت بە پێشبرکێی 100 مەتر، دییە نزاری پاڵەوانی شاری سلێمانی دوای ئەوەی ماوەکەی بە 12 چرکە و لە 71%ی چرکەیەک بڕی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، هەمان کچە پاڵەوان لە پێشبڕکێی 200 مەتریشدا توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت، کاتێک ماوەکەی بە 25 چرکە و لە 42%ی چرکەیەک کۆتایی پێهێنا.
بڕیارە لە رۆژانی 20 تا 24 ـی ئەم مانگە لە وڵاتی تونس، پاڵەوانیەتی گۆڕەپان و مەیدانی هەڵبژاردەکانی وڵاتانی عەرەب بەڕێوەبچێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی