بە بەشداری 180 یاریزان پاڵەوانیەتی بلیارد لە هەولێر ئەنجامدرا

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

دوای 15ساڵ جارێکی تر هەولێری پایتەخت باوەشی بۆ یاریزانانی بلیارد لە عێراق و کوردستان کردەوە.

بە بەشداری 180 یاریزان لە 14 پارێزگای عێراق، پاڵەوانیەتیەک بۆ یاریزانانی بلیارد لە هەولێر رێکخرا کە 70 یاریزانیان خەڵکی هەولێر بوون.

پاڵەوانیەتییەکە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو، درەنگانی شەوی رابردوو کۆتایی پێهات و ئەو یاریزانانەی پلەی یەکەم تاوەکو پلەی هەشتەمیان بەدەستهێنا بوو، خەڵات کران.

خەڵاتی پلەی یەکەم تاوەکو حەوتەم بەر یاریزانانی عەرەب کەوت و پلەی هەشتەمیش بەر یاریزانێکی سلێمانی کەوت بەناوی هێمن یاسین، بەڵام لەگەڵ ئەوەی هەولێرییەکان بە 70 یاریزان بەشدار بوون، بەڵام هیچ خەڵاتیان وەرنەگرت.

ئەوەی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، بە سێ هەزار دۆلار خەڵات کرا.

رەفعەت عەبدولا، سەرۆکی یەکێتی بلیاردی هەولێر، بە 964ـی وت، ئەم خولە فەرمی نەبوو بەڵکو زیاتر ئامادەکارییە بۆ پاڵەوانیەتی بلیاردی عێراقی کە ئەویش لە هەولێر ئەنجامدەدرێت.

دەشڵێت: خولەکە لەسەر ئاستی یانەکان نەبوو، بەڵکو لەسەر ئاستی یاریزانی تاک بوو، ئەوانەشی بەشدار بوون وەک تاک هاتوون نەک یانە.

پاڵەوانیەتیەکە، بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو، بەشی زۆری یاریزانە بەشدارەکانی جگە لەوانەی هەولێر، لە شارەکانی سلێمانی، کەرکوک و بەغدا و شارەکانی دیکەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەشداریان کردبوو.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق