بەهای دۆلار لە هەڵکشانەوە دایە

964+

فەرمان سادق

لە دوای جەژنەوە بانکی ناوەندی ملیارێک و 239 ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازارەوە کە نزیکەی 22%ـی بۆ ناوخۆ بووە، ئەوەی دیکەشی بۆ حەواڵە بووە.

بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، لە پێش جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ، پێش ئەوەی بازاڕ دابخرێت، هەر 100 دۆلارێک بەرامبەر بە زیاتر لە 143 هەزار دینار بوو.

بەهۆی پشووی جەژنەوە بانکی ناوەندی لە 19.4.2023 تاوەکو 25.4.2023، هیچ بڕە دۆلارێکی نەخستە بازاڕەوە.

لە 25ـی مانگ تاوەکو ئەمڕۆ هەینی کە زیاتر لە 10 رۆژ دەکات، بانکی ناوەندی ملیارێک و 239 ملیۆن و 448 هەزار و 228 دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە، لەم بڕەش تەنیا 266 ملیۆن و 300 هەزار دۆلاری بۆ ناو بازاڕ بووە و ئەوەی دیکە کە 973 ملیۆن و 148 هەزار و 228 دۆلار دەکات، بۆ حەواڵەی دەرەکی بووە.

بانکی ناوەنی لەم 10 رۆژەدا، سێ رۆژ دۆلاری نەخستووەتەڕوو کە رۆژانی 28/29.4.2023 و 1.5.2023 بوو.

لە حەوت رۆژەکەی دیکە، 25.4.2023 کەمترین بڕی خستە بازاڕەوە کە تەنیا حەوت ملیۆن دۆلار بوو، زۆرترینەکەشی دوێنێ بوو کە گەیشتووەتە 74 ملیۆن لە کۆی 181 ملیۆن دۆلار.

ئەو کەم خستنەڕووە بە قسەی وتەبێژی بەزاڕی دراوی هەولێر بێت، هۆکار بووە لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار.

لە 25.4.2023، کاتێک بازاڕی دراو کرایەوە، بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە 142،700 دینار بوو، هەر هەمان رۆژ بەهایەکەی دابەزی بۆ 139،750 دینار لە بەغدا و 140،750 دینار لە هەولێر.

ئەو نرخە بەهۆی کەمی خستنەڕووەوە رۆژ دوای رۆژ هەڵکشا و دوێنێ گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی مانگی رابردوودا کاتێک بەهای 100 دۆلار گەیشتە 145.600 دینار.

کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە 964ـی وت، یەکێک لە هۆکارەکانی دووبارە هەڵکشانەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، کەمی خستنەڕووی دۆلارە لەلایەن بانکی ناوەندی بۆ ناوخۆی عێراق.