لێبووردنی گشتی.. لە پێناو پڕبوونی زیندانەکانە یان ئاشتی کۆمەڵایەتی؟

964+
ھێرۆ مەولودی و ئەحمەد مستەفا

پاش بودجە، رەنگە یاسای لێبوردنی گشتی پڕ مشتومڕین پرۆژە بێت لەنێو پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەسەر بکرێ، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، “یاساکە فیدراڵی نابێت و ھەرێمی کوردستان ناگرێتەوە”.

زیاتر لە ساڵێکە هەمواری پرۆژە یاسایی لێبوردنی گشتی کە لەلایەن سوننەکانەوە ئامادەکراوە لە پەرلەمانی عێراقە، لە ناوەڕاستی مانگی نیسان لیژنەی یاسایی پەرلەمان، پرۆژەکەی ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتی كردووە، ھەر ھەمان مانگ محەمەد شیاع سودانی لیژنەیەکی راسپارد بۆ ئامادەکردنی رەشنووسێکی دیکە، پەسەندکردنی پرۆژەکان دەکەوێتە چاوەڕوانی رێکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت.

بەھۆی دروستبوونی ناکۆکی، عێراق یاسای لێبوردنی گشتی 2017ی بەتاڵ کردەوە، روون نییە پرۆژەکانی ئێستا لە چەند ماددە و بڕگە پێکھاتوون، بەڵام ئەگەر بەم شکڵەی ئێستای داواکارییەکان بێت، پرۆژەی یاسا نوێیەکە، لێبوردن دەردەکات بۆ ئەو کەسانەی بەبێ بوونی بەڵگە گیراون، یان ماوەی زۆری سزاکەیان تەواوکردووە، لە بەرامبەر ئەو ماوەی کە ماویانە، پێبژاردنی دارایی وەک یەکێک لە بژاردەکان دانراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 3.5.2023 موسەنا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە 964ی وت، “سوننەکان پێیان وایە دانپێدانانی زۆرەملێ بە تۆمەتی تیرۆر و تاوان بە خەڵکانێکی زۆر کراوە و خراونەتە زیندان، ھەربۆیە دەرچوواندنی یاساکە مەرجی سوننەکان بووە بۆ پێکھاتەی ئێستای حکومەت، بەڵام دەستەی سەرۆکایەتی تائێستا نەیخستووەتە بەرنامەی کارەوە”.

موسەنا ئەمین باسی لەوەکرد، ئەگەر پەرلەمان بگات بە دەرچوواندی یاساکە ئەوا ھەرێمی کوردستان ھیچ پابەندییەکی نابێت، جگە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان کە ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی وت، “عێراق سیستمێکی دادوەری تەندروستی تێدا نییە، بە ئاشکرا قازییەکان دەڵێن بەزۆر دانپێدانان بە خەڵک و ئەفسەری سەربازی کراوە و تۆمەتی قورسیان دراوەتە پاڵ و چەندین ساڵە لە زینداندان”.

حکومەتەکەی سودانی بە ئەگەری رەخساندنی کەشێک بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی، سوننەکان بۆ ئازادبوونی خەڵکانێک کە پێیان وایە بەبێ تاوان زیندانیکراون، پاڵپشتی پرۆژەکەن، ئەمە سەرەڕای بوونی لۆدێکی زۆر لەسەر گرتووخانەکانی عێراق، بەڵام لایەنە شیعەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رەزامەندییان لەسەر رەشنووسەکە نەداوە.

لێبوردنی گشتی تاوانی سزادراو دەسڕێتەوە بە پێی ماددەكانی 150 و 154 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 ی هەمواركراو،  سەرجەم دۆسیەكان لە لێكۆڵینەوەشدا بە پێی ماددەی 305 لە یاسای ( بنەماكانی دادگایی سزایی ژمارە 23 ی ساڵی1971ی هەمواركراو ).

بەڵام لێبوردنە گشتییەكە سنووردارە، وەك لە پڕۆژە یاساكاندا دیارە و پەیڕەوی سیستمی هەڵاواردنی كۆمەڵێك تاوان دەكرێت، ھەروەھا دەستووری عێراق لێبوردنی تاوانی تیرۆریستی و تاوانەکانی گەندەڵی دارایی و ئیداری قەدەغە کردووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا