پزیشکەکان: خواردنەوەی کهولی کاردەکاتە سەر مێشکی کۆرپەلە

+964

پەرستۆ ساڵح-تەندروستی

ئەگەر ژنانی دووگیان خواردنەوە کهولییەکان بخۆنەوە، ئەوا دەبێتە هۆی گۆڕانی نائاسایی لە مێشکی کۆرپەلەکەیان، بە وتەی کۆمەڵەیەکی پزیشکی.

کۆمەڵەی پزیشکانی تیشک لە ئەمریکای باکور (RSNA) رۆژی سێشەممە، ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ئەوەیان راگەیاندووە.

ئەوان دەڵێن، خواردنەوەی کهول لەلایەن ژنانی دووگیان نەخۆشییەک لە کۆرپەلە دروست دەکات کە پێی دەوترێت “کهولی کۆرپەلە”، کە ئەمە لە کاتی گەشەکردنی منداڵەکەدا لە ناو سکی دایکیدا دەردەکەوێت و کاریگەری نەرێنیی لەسەر تەواوی ژیانی دواتری دەبێت.

بەپێی خەمڵاندنی ئەو پزیشکانە، ئەم جۆرە گرفتانە لە سەدا یەک بۆ پێنجی منداڵە تازە لەدایکبووەکاندا هەیە، بە تایبەتی لە وڵاتانی پێشکەوتوودا و ئەوانەی خواردنەوەی کهولی لەلایان کەلتورە.

ئەوەی جێی سەرنجە، ئەم پزیشکانە لە رێگەی پشکنینی لەرەی موگناتیسی بۆیان دەرکەوتووە، تەنانەت خواردنەوەی کهول بە رێژەی زۆر کەم، هێشتا کاریگەری لەسەر مێشکی کۆرپەلە هەیە.

هەروەها بۆیان دەرکەوتووە، خواردنەوەی کهول پەیوەندی بە خاوبوونەوەی گشتیی گەشەی مێشکی منداڵانەوە هەیە، هەروەها دواکەوتنی دروستبوونی ماددەی غەلافی (بەرگی مێلین) کە دەمارەکان و پرۆتین و چەوری و درکە پەتک دادەپۆشێت و رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە ناردنی ئاماژە و هێماکان لە نێوان خانەکانی دەمار و پاراستنی کۆتاییەکانی دەمارەکان لە تێکچوون.

هەر لەبەرئەوەیە کە رێنمایی ژنانی دووگیان دەکەن، لە ماوەی سکپڕیدا دووربکەونەوە لە خواردنەوەی مادە کهولییەکان.