بەشێكی تری شەقامی ١٥٠ مەتری دەكرێتەوە

+964

كوردستان ئەحمەد- هەولێر 

دوو بەشی تری شەقامی ١٥٠ مەتری هەولێر تەواو بووە كە درێژیەكەیان ١٣ كیلۆمەترەو، بەرووی شوفێران و هاوڵاتیاندا دەكرێتەوە.

ئەمرۆ چوارشەممە ٢٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشی دووەم و سێیەمی شەقامی ١٥٠ مەتری هەولێر دەكرێتەوە. 

بەشی دووەمی شەقامی ١٥٠ مەتری درێژییەکەی ٧.٦ کیلۆمەترە کە رێگەی نێوان شەقامی سەرەکی شەقڵاوە بە شەقامی سەرەکی کۆیە دەبەستێتەوە، هەرچی بەشی سێیەمە ەێگای سەرەکی بەحرکە بە رێگای هەولێر گۆپاڵ دەبەستێەوە کە رێگەی سەرەکی چوونە بۆ پارێزگای دهۆک، ئەو بەشەی رێگایەکەش درێژییەکەی کیلۆمەترێک و ٦٠٠ مەترە.

“شەقامی خێرای ١٥٠ مەتری، بە گشتی درێژییەکەی ٧٠ کیلۆمەترە و بە دەوری شاری هەولێردا دەسوڕێتەوە، تا ئێستا سێ بەشی تەواو بووە كە دەكاتە ٢٤ كیلۆمەتر، و لەلایەن كۆمپانیای هێمن گروپ بە گوژمەی ١٣١ ملیۆن دۆلار دروست دەکرێت.

پرسیارمان لە وتەبێژی پۆلیسی هەولێر كرد، وتی ئێمە ئاگامان لێی نییە كەی و چۆن دەكرێتەوە بەڵام دوای كردنەوەی شەقامەكە رادەستی ئێمە دەكرێت و مامەڵەی پێوەدەكەین.

شەقامی ١٥٠ مەتری، لە ١٣ـی نیسانی ٢٠٢٢ دەست بەجێبەجێكردنی كراوە، ماوەی پڕۆژەكەش ٥٥٠ رۆژە، رۆژانە ١٤ كاتژمێر كاری تێدا دەكرێت و نزیكەی دوو هەزار كارمەند و ٨٠٠ ئامێری جۆراوجۆر كاری تێدا دەكات، پڕۆژەکەش گشت هێڵکارییەکانی ڕێگا و هێماکانی هاتوچۆ و پەرژینی خۆپاراستن و شۆستە و سیستەمی ئاوەڕۆ لەخۆدەگرێت”.