پسوڵەی خۆراکی دهۆک رەتیدەکاتەوە هەڵە لە ناوی هاوڵاتیاندا کرابێت

964+
هێڤی دێوالی-دهۆک

بەشێک لە هاوڵاتیانی پارێزگای دهۆک دەڵێن ناویان لە پسوولەی ئەلیکترۆنی بە هەڵە نوسراوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی پسوڵەی خۆراکی دهۆک رەتیدەکاتەوە.

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، دهۆک یەکەم پارێزگا بوو بڕیاردرا پسوڵەی خۆراکی بکرێتە ئەلیکترۆنی، تا ئێستا 280 هەزار کارتی ئەلیکترۆنی لەو پارێزگایە دروستکراوە.

گلەیی ئەو هاوڵاتییانە لەوەیە ناوی چواری لەسەر ناوی باپیریان دووبارە بووەتەوە.

قەیس وەیس، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسوڵەی خۆراک بۆ 964 دەڵێت: پسوڵەی ئەلیکترۆنی هیچ کێشەیەکی نییە، رێنووسەکەی دروستە، ئەگەر لە هەموو پارێزگای دهۆک 10 بۆ 15 حاڵەت هەبێت، نابێتە کێشە.

قەیس وەیس، ئەوەشی وت، ناوی چواری وەک نازناو بەکارهاتووە، ئەوانەی بەمجۆرە ناویان دووبارە بوەتەوە پێشتر نازناویان نەنووسراوە، بۆیە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی هەیە.

بۆ ماوەی هەفتەیەکە کارتی ئەلیکترۆنی پسوڵەی خۆراک بەسەر 50 بنکەی پارێزگای دهۆک دابەش کراوە، بڕیارە 10ی ئەم مانگە پرۆسەی چالاککردنی کارتەکان لەلایەن بنکەکانەوە دەستپێبکات.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی