کونسوڵخانەی ئەمریکا روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

نوێترین رێنمایی بۆ وه‌رگرتنى فیزاى ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێره‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، راستەوخۆ هاوڵاتیان خۆیان بەبێ نێوەندگیر دەتوانن داواکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزا پێشکەش بکەن و نرخەکەشی 160 دۆلارە، لە هەردوو باری وەرگرتن و وەرنەگرتنی ڤیزەدا لە داواکار وەردەگیرێت و ناگەڕێندرێتەوە.

کونسوڵخانەی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئەمریکا لە هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە “یەکێک لەو هەڵە تێگەیشتنە باوانەی دەربارەی ڤیزا هەیە ئەوەیە کە پێدانی پارە بە بریکار بۆ نموونە بریکاری نووسینگە گەشتیارییەکان، دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی ڤیزای ئەمریکا، بە دڵنیایی تەواوەوە نەخێر”.

ئاماژەی بەوەش کردوە “پارەی ڤیزای گەشتیاری ئەمریکا 160 دۆلارە لە هەموو شوێنێک لە دنیادا هەمان بڕە و پارەکەش ناگەڕێندرێتەوە، ئەم پارەیە بۆ پڕۆسێسکردنی داواکاری پێشکەشکراوە بۆ ڤیزا و لە هەردوو باری وەرگرتن و وەرنەگرتنی ڤیزادا لە داواکار وەردەگیرێت”.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، پڕۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ڤیزا هێندە ئاسانە، کە پێویست ناکات هیچ کەسێكی بۆ بەکرێ بگریت، کە بۆت پڕبکاتەوە، لەبەرئەوەی بەشی زۆری ڤیزای گەشتیاری لە رێگەی چاوپێکەوتنەوە دەبێت، بۆیە ده‌ڵێت “ئەو کارمەندەی کە چاوپێکەوتنەکەت لەگەڵ دەکات بڕیار دەدات لەوەی کە شیاوی وەرگرتنی ڤیزاکەیت، ئەمیش لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا دەبێت‌”.

کونسڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر دەشڵێت، “ئامۆژگاری ئێمە بۆ ئێوە ئەوەیە، هەموو ئەو کەسانەی داواکاری پێشکەش دەکەن پێویستە بێ کەموکوڕی پیشانی بدەن کە بە هۆی خێزان، هۆکاری کۆمەڵایەتی و داراییەوە بەستراونەتەوە بە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان و لە رێگەی ئەمەوە ئەوە‌ پیشانی کارمەندی ڤیزاکە بدەن کە مانەوەکەیان لە ئەمریکا کاتیی دەبێت‌”.