زیندانییەک لە چاکسازی کۆیە رایکرد

964+

فەرمان سادق

لە چاکسازی کۆیە زیندانییەک رای کردووە و دەگوترێت بکوژی دوو کەسەکەی ناو ئەمبوڵانسەکەی تەقتەقن.

دەمەو نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2.5.2023، زیندانیەک لە چاکسازی کۆیە رادەکات و تا ئێستا هێزە ئەمنییەکان بەدوایەوەن و هێشتا دەستگیر نەکراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەست 964 کەوتووە، ئەو زیندانیەی رایکردووە، تۆمەتبارە بە کوشتنی دوو کەسەکەی ناو ئەمبوڵانسەکەی ناحیەی تەقتەق.

راکردنەکە لە کاتێکدایە دەگوترێت وادەی دادگاییکردنەکەی نزیک بووەتەوە.

زانیارییەکانی دەست 964 کەوتوون، باس لەوەش دەکەن کە ئەو کاتەی زیندانیەکە هەوڵی راکردنی داوە، پۆلیسەکانی پاسەوانی چاکسازییەکەی کۆیە لە پشوو دابوون، ئەویش توانیویەتی قەفەسی زیندانییەکە بشکێنێت و لە دەرگای رەئیسی زیندانییەکە رابکات.

چۆنیەتی راکردنەکەی هەر لە سەرەتاوە تاوەکو دەرچوونی لە دەرگای سەرەکی زیندان، لە کامێرای چاودێری زیندانەکە دەرچووە و لای پۆلیسیش ناسنامەی زیندانیەکە ناسراوە.

تاوەکو ئامادەکردنی ئەو هەواڵە، زیندانیە راکردووەکە نەگیراوەتەوە ئەگەرچی هێزە ئەمنییەکانی کۆیە بەدوایەوەن بۆ دەستگیرکردنی.