کۆڵانەکانی گوندی کودەریان کۆنکرێت کران

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

لە سنووری ناحیەی دارەشەکرانی پارێزگای هەولێر، کۆچە و کۆڵانەکانی گوندێكی دارەشەکران کۆنکرێتکران، به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ش ئه‌و كۆڵانانه‌ ناتواندرێن قیرتاو بكرێن، بۆیه‌ كۆنكرێت كراون.

گوندی کودەریان، دەکەوێتە باکوری خۆرهەڵاتی هەولێر، نزیکەی 80 ماڵێکى لێده‌ژین، لەسنووری ناحیەی دارەشەکرانه‌، سنوورى ئه‌و ناحیه‌یه‌ش 28 گوند دەگرێتە خۆی.

کامەران بانیمارانی، بەڕێوه‌بەری ناحیەی دارەشەکران، بە 964ـی وت، پرۆژەی کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانی گوندى کودەریان، ماوەیەکی زۆربوو پەسندکرابوو، پێشتریش لەگەڵ پارێزگار و قایمقام هەماهەنگیان کردووه‌ و ئەنجامدراوه‌.

به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌، کۆچە و کۆڵانەکانی گوندەکان، ناتوانرێت قیرتاوبکرێت، چونکە ده‌ڵێت “سەرکەتوو نابێت، تەنها شەقامە سەرەکییەکان قیرتاو دەکرێن، بۆیە کۆڵانەکانى ئه‌و گونده‌ش کۆنکرێتکران و هەوڵدەدەین بۆ تەواوی گوندەکان تریش ئەمە ئەنجام بدەین” .

لایخۆشییه‌وه‌، حوسێن عەلی، موختاری گوندی کودەریان، بۆ 964 ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، لەساڵی 2014ـه‌وە، خەریکی ئەوەن ئەو كۆڵان و جادانەیان بۆ چاکبکرێت، بەڵام ده‌ڵێت “هەرجارە و شتەک دەهاتەپێش، ئەوجارە باشبوو ئیشەکە کرا، بەڵام هێشتا چەند فەرعێک ماون”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن