لە کابینەی نۆدا نزیکەی 30 هەزار هەلی کار رەخسێندراوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە نزیکەی چوار ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، 28 هەزار و 500 هەلی کار رەخسێندراوە و مۆڵەت بە 263 پڕۆژەش دراوە.

بە پێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم، لە ماوەی دامەزراندنی دەستەی وەبەرهێنانەوە لە ساڵی 2006 تا ئێستا، مۆڵەت بە نزیکەی 1300 پڕۆژە دراوە و 130 هەزار و 366 هەلی کاریش رەخسێندراوە.

بە پێی کارنامەی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم، لە کابینەی نۆدا گرنگی بە پڕۆژەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵی و بازرگانی دراوە.

ئەمساڵ دەستەی وەبەرهێنان لەبەرنامەیدایە مۆڵەت بە 200 پڕۆژە بدات، کە بەهاکەیان نزیکەی 10 ملیار دۆلارە. هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم وای بە تۆڕی 964 وت.

بە پێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، مۆڵەت بە هەر پڕۆژەیەک بدرێت پێویستە 75%ـی دەستی کارەکەی لە ناوخۆ بێت.

داوامان لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی کردووە لیستی ناوی بێکارەکانمان بۆ بنێرن تا کاریان بۆ بدۆزینەوە. ئەمە وتەی هەڤاڵ سدیقە.