تەنیا بردنەوە چانسی گەیشتن بە پلە نایاب دەداتە پێشمەرگەی سلێمانی

پێشمەرگەی سلێمانی بۆ گەیشتن بە خولی نایابی عێراق دەجەنگێت

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دوا ئامادەکاری کرد بۆ یارییەکەی سبەی بەرامبەر بە یانەی ئیتیساڵات و راهێنەرەکەشی دەڵێت: لەپێناو بردنەوە دەجەنگین.

ئەمرۆ یەکشەممە 30.4.2023، لەسەر یاریگای فەرماندەیی، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دوا یەکەی مەشق و راهێنانی ئەنجامدا بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ یارییەکەی بەرامبەر بە یانەی ئیتیساڵاتی شاری بەغدا، کە دوا یاری ئەم وەرزەی کۆمەڵەی یەکەمی خولی یانە پلە یەکەکانی عێراقە.

ویسام بازگ، راهێنەری یانەی پێشمەرگە سەبارەت بە خۆئامادەکردن بۆ ئەو یارییە گرنگە تایبەت بە 964 دەڵێت: ئامادەکارییەکانمان لە ئاستێکی بەرزدایە و تەنیا لەپێناو بردنەوەدا دەجەنگین.

بە قسەی راهێنەری پێشمەرگەی سلێمانی بێت، یانەکە لە توانای سێ یاریزان بێبەش دەبێت کە کاریگەرترینیان یاریزان محەمەد عەباسە کە یاریزانێکی پیشەگەرە و بەهۆی زۆری کارتە زەردەکانیانەوە ناتوانێت بەشداری بکات.

لە کۆمەڵەکەیدا، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی 32 خاڵی هەیە و یانەی ئەمانەی بەغدا بە 35 خاڵ لە پلەی یەکەم دایە، ئەمانەی بەغدا لە شاری بەغدا بەرامبەر سەناعاتی کارەبایی یاری دەکات.

تەنیا بردنەوە چانسی پێشمەرگەی سلێمانی بە سەرکەوتن بۆ خولی پلە نایاب زیاد دەکات، بەو مەرجەی ئەمانەی بەغدا بدۆڕێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق