بەرگری شارستانی؛ سێ کارمەندی ئێمە لەناو بریندارەکانن
+964
عه‌مار عه‌زیز – دهۆك
به هۆی ته‌قینه‌وه‌ی سیستمی غاز له فڕنێكی شاری دهۆك، شەوی رابردوو پێنج كه‌س گیانیان له ده‌ست دا و ٣٧ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون، سێ له‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌ست داوه و سێ دیكه‌ش كه بریندارن، كارمه‌ندی به‌رگریی شارستانین.
بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگری شارستانیی دهۆک بە 964+ی وت” دەوروبەری کاتژمێر12ی شەوی رابردوو، هاوشێوەی رووداوه‌كه‌ی سلێمانی، له گه‌ڕه‌كی گرێ باسێ لە دهۆک بەهۆی ته‌قینه‌وه‌ی تانكی غازی فڕنێك كه له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌یه‌كی به‌شه ناوخۆییه‌كی قوتابیانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانە، رووداوێکی دڵتەزین روویدا.
وتیشی: به‌هۆی رووداوه‌كه پێنج کەس گیانیان له ده‌ست دا و ٣٧ کەسی تریش برینداربوون.
بەرگری شارستانی؛ سێ کارمەندمان لەناو بریندارەکان دایە
“سێ کارمەندی بەرگری شارستانی لە رووداوەکەدا گیانیان له ده‌ست دا، سێ دیكه‌ش برینداربوون، هه‌روه‌ها تا ئێستا ٢٧ کەس لە بریندارەکان رەوانەی ماڵ کراونەتەوە و تەنیا ده بریندار لەنەخۆشخانە ماون، دۆخی تەندروستی هەمووشیان جێگیرە، تەنیا یەک كه‌سیان نەبێت” بێوار عەبدولعەزیز وای وت.
ئه‌و رووداوه كاردانه‌وه‌ی خێرای به‌دوای خۆیدا هێناوه، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان فه‌رمانی دا ته‌واوی سیستمی غاز له كوردستان رابگیرێت.
روودانی ئه‌م كاره‌ساته له كاتێكدایه، پێنجشه‌می رابردوو له ماڵێكی شاری سلێمانی، هه‌ر به هۆی سیستمی غازه‌وه، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره روویدا و له ئه‌نجامدا ١٥ کەس گیانیان لەدەست دا و ١٢ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە سەرجەمیان کەسوکاری یەک بنەماڵە بوون.