بە فێڵ پارەی موچەی خانەنشینانی بردووە و دەستگیرکرا

964+

توانا نەقی

بە تۆمەتی فێڵکردن و دەستبڕینی کەسانی بەتەمەن و خانەنشینان، بنکەی پۆلیسی دەربەندیخان تۆمەتبارێکیان دەستگیر کرد.

دوای تۆمارکردنی چەند سکاڵایەکی یاسایی لەلایەن ژمارەیەک هاوڵاتی بە تەمەن و خانەنشینەوە کە لە کاتی وەرگرتنی موچەکانیان کەسێک فێڵی لێکردوون و فریویداون و بە بیانووی جۆراوجۆر پارەی لێ وەرگرتوون.

پەیجی فەرمی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردووەتەوە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد، توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دەربەندیخان تۆمەتبار دەستگیر بکرێت.

لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا توانرا دەستبگیرێت بەسەر ئۆتۆبێلەکەشیدا کە فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی هەبووە.

لە بڵاوکراوەکەدا ئەوەش هاتووە، تۆمەتبارەکە ناوی ( ‌ھ. ع. م)ـە و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر بە پێی مادەی 456ـی یاسای سزادان راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.‌‌‌‌ ‌‌