وەزارەتی خوێندنی باڵا: ئەو خوێندکارانەی هەرێم کە لە ئێرانن دەتوانن بە ئۆنلاین بخوێنن

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران: بۆ گەڕانەوە وا دەکەن

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

ئەو خوێندکارانەی لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن داوای گەڕانەوە دەکەن بۆ هەرێم، وەزارەتی خوێندنی باڵاش رێگەیان دەدات، بەڵام نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە تاران دەڵێ خوێندکارەکان بۆ گەڕانەوە وادەکەن.

دێرین شەریف، یەکێک لە نوێنەرانی خوێندکارانی کورد لە زانکۆی کرماشان دەڵێ؛ خوێندکاران لێرە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان بارودۆخیان لە مەترسی دایە.

ئەو بۆ +964 وتی “پێویستە بگەڕێینەوەو بە ئۆنلاین وانەکانمان بخوێنین”.

+964 لە رێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە تاران دەزانێت زیاتر لە چوار هەزار خوێندکاری هەرێمی کوردستان، زیاتر لە دوازە زانکۆی تاران دەخوێنن.

“ئێمە لەگەڵ چەند گروپێکی خوێندکاراندا دانیشتووین، بەڵام بارودۆخەکە بەتایبەت لە زانکۆکانی تاران و شارە فارسییەکان بەو شێوەیە خراپ نییە کە باس دەکرێت”، نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران وای بە +964 وت.

دەشڵێت؛ زۆرینەی خوێندکارە کوردەکان دەیانەوێت بێنەوە هەرێم و تەنها بۆ تاقیکردنەوەکان بچنەوە زانکۆکان، ئەو بارودۆخەشیان کردووە بە دەرفەتێک بۆ ئەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا؛ بریارمان داوە رێگە بەو خوێندکارانە بدەین بگەڕێننەوە و بە ئۆنلاین بخوێنن

رۆژی ١٣ـی ئەم مانگە بەشێک لە کەسوکاری ئەو خوێندکارانە گردبوونەوەو رایانگەیاند، منداڵەکانیان ژیانیان لە مەترسیدایەو داوا دەکەین وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاسانکارییان بۆ بکات.

دکتۆر یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوان‌ و رۆشنبیری لە وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومه‌تى ھەرێم بە +964ـی راگەیاند؛ بریارمان داوە رێگە بەو خوێندکارانە بدەین بگەڕێننەوە و بە ئۆنلاین بخوێنن.

پێشتر بە بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا هەر خوێندکارێک لە ئێران بگەڕایەتەوە و بە ئۆنلاین بیخوێندایە ئەو ساڵەی بە کەوتوو بۆ هەژمار دەکرا و دواتریش هەمواری بڕوانامەکەی بۆ نەدەکرا.

بەڕێوەبەرە گشتییەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا هۆکاری بڕیارەکەی بۆ زیاتر ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ئێران و مەترسی لەسەر خوێندکارانی هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە.