حەسەن گەڕایەوە بەڵام حسێن نا

964+
هەژین فەتاح و ئاسۆ وەرتی

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، دوو برا لە گوندی سێلکی سەر بە ناحیەی شێروانی مەزن لە قەزای مێرگەسۆر لە ماڵ چوونەتە دەرەوە و دواتر تەنیا یەکێکیان گەڕاوەتەوە، خەڵکی ئاواییەکەی ئاگادارکردووە کە براکەی ونبووە، بەڵام کەمێک لەمەوبەر تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.

قەزای مێرگەسۆر دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر.

رەوان سێلکی خەڵکی گوندەکەیە بە 964ی وت، ئەو دوو برایە لە کاتژمێر 7:30ی بەیانی لە ماڵ چوونەتە دەرەوە بۆ شاخەکانی دەوروبەر بە مەبەستی هێنانەوەی گژوگیای بەهارە، لە شوێنێکدا یەکیان بەجێهێشتووە، دواتر یەکێکیان گەڕاوەتەوە شوێنەکە و براکەی بۆ نەدۆزراوەتەوە.

ئەو وتی، برایەکیان گەڕاوەتەوە گوندەکە و وتوویەتی گوایە براکەی دیکەی ونبووە. دوو براکە ناویان حەسەن و حسێنە، حەسەن گەڕاوەتەوە بەڵام حسێن نا.

جێگر عومەر رێپێدراوی راگەیاندنی بەرگری شارستانی ناحیەی شێروانی مەزن بە 964ی وت، تەرمی حسێنیان لە شاخ دۆزیوەتەوە، بەڵام هێشتا بۆیان دەرنەکەوتووە بە چی گیانی لەدەستداوە.

ئەشقی سێلکی کەسوکاری حسێن بە 964ی وت، سەرەتا چەند کاتژمێرێک بەدوایدا گەڕاون، بەڵام تەنیا مۆبایلەکەی حسێنیان دۆزیوەتەوە.

پێشتر، دیاری فایەق لە شارستانی ناحیەی شێروانی مەزن بۆ 964ی باسکرد، لە کاتژمێر 2:50ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە و لەگەڵ تیمی پۆلیس گەیشتوونەتە گوندەکە و خەریکی بەدوادا گەڕانن، بەڵام لەوکاتەدا هێشتا نەیاندۆزیبووەوە.

پێداچوونەوە: هێمن بەکر