چۆن رێگە لە تەقینەوەی غاز بگرین؟

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی رووداوەکانی تەقینەوەی غازی شل، بەرگری شارستانی سلێمانی چەند رێنماییەکی لەبارەی بەکارهێنانی بتڵی غاز بڵاوکردەوە و دەڵێت، “پابەند بن تا لە کارەساتی دڵتەزێن بەدووربن.”

بەرگری شارستانی سلێمانی ئەمڕۆ لە پەیجی فەیسبووک هەشت رێنمایی داناوە و دەڵێت، دەبێت بۆری و سۆندەی تایبەت و حەراری دژە سووتان بەکاربهێندرێت بۆ گەیاندنی غاز بە شوێنی مەبەست کە بەرگەی گەرمی و پەستان بگرێت.

بەرگری شارستانی دەڵێت، نابێت ئەو سۆندەیەی کە غازی پێدەگوازرێتەوە، لە پشتی فڕن و تەباخەوە دابنرێت و کاریگەری گەرمی لەسەر بێت بەردەوام.

دەشڵێت، “بە هیچ شێوەیەک نابێت بتڵی غاز لە شوێنی کارکردندا هەبێت یان دابنرێت لە جێگەیەک کە سەقفی گیرابێت و هەوای دەرنەچێت وەک ژێرزەمین و کۆگا و چێشتخانە”.

بەرگری شارستانی داوا لە هاوڵاتیان دەکات کە گەرمکەرەوە و تەباخەکانیان تەنیا لە رێگەی سەرە مونەزەمەوە هەڵبکەن و بکوژێننەوە نەک لە ئامێری گەرمکەرەوەکە و تەباخەکانیان.

دەشڵێت، لەکاتی بەستنی بتڵی غازدا نابێت ئاوی گەرم بۆ خاوکردنەوە بەکاربهێندرێت، بەڵکو دەبێت بتڵی غازەکە بگۆڕدرێت و بتڵی جێگرەوە دابنرێت تاوەکو بتڵە بەستووەکە خاو دەبێتەوە.

بە وتەی بەرگری شارستانی سلێمانی، لە کاتی هەستکردن بەبۆنی غاز بەهیچ شێوەیەک نابێت هیچ ئامێرێکی کارەبایی دابگیرسێنیت تەنانەت ئەگەر ساحیبەی هەواش بێت، “چونکە داگیرساندنی ساحیبە یان تەنها گڵۆپێک ئەبێتە هۆی دروستبوونی شەرارەی ئاگر و بە خێراترین شێوە کڵپەدەکات و کارەسات دەخولقێت.”

هەروەها کاتێک هەست بە بۆنی غاز دەکەیت باشترین رێگە بۆ خۆپاراستن دروستکردنی دەرچەیە بۆ دەرچوونی غازەکە و لەم کاتەدا باشترین چارەسەر کردنەوەی دەرگاو پەنجەرەیە و چوونە دەرەوەی خۆتە لەو شوێنەدا چونکە مەترسیدارە مانەوەت تیایدا.

لە ماوەی یەك هەفتەدا لە هەرێمی كوردستان، بەهۆی تەقینی غاز ٢٠ كەس گیانیان لەدەستداوە و ٤٣ كەسی دیکەش بریندار بوون.