نەخۆشی هەوكردنی پەردەی مێشک

تەندروستی سلێمانی: تووشبوون لە ئاستێكی بەرزدایە

+964
كورستان ئەحمەد- هەولێر

نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەڵێت تووشبوون بە هەوكردنی پەردەی مێشك لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە.

كەمێك پێش ئێستا دكتۆر پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك پۆستێكی كردووە، کە لە پێنج خاڵ پێكدێت، لە یەكەم خاڵدا نووسیویەتی رێژەی توشبوون بە نەخۆشی پەردەی مێشك لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە.

لە بارەی ئەو لیژنەیەی لە عێراقەوە سەردانی سلێمانیان كردووە، دەڵێت، بۆچوونی جیاوازیان هەیە و دەڵێن دەبێت چاوەڕوانی پشكنینەكان بكرێت

ئەم دەقی پۆستەكەی دكتۆر پشدەرە

دوا زانیاری لەسەر بارودۆخی هەوکردنی پەردەکانی مێشکی منداڵان

١- رێژەی تووشبوان لە ئاستێکی بەرزدایە.

٢- رای زۆربەی پزیشکان لە کۆبوونەوەی زانستی رۆژانەی نەخۆشخانە و ئەنجامی پشکنینەکان و نیشانەکانی نەخۆشییەکە و زوو چاکبوونەوە و شێوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لەگەڵ هۆکاری ڤایرۆسیدا دەڕوات، هەروەک پێشتریش رامانگەیاند بوو، کە گومانەکان زۆر لەگەڵ ڤایرۆسیدا دەڕوات.

٣- ئەو لیژنەیەی لە وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە هاتوون رای جیاوازیان هەیەو دەڵێن دەبێت چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکانی ئەوان بکرێت چونکە گومانی بەکتریاش دەکەن.

٤-دەبێت هاووڵاتیان ووریا بن هەر منداڵێک گومانی لێکرا دەبێت سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان بکات بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکە تەنانەت ئەگەر دەرکەوت ئەو پەتایەی ئێستاش هۆکارەکەی ڤایرۆسە، چونکە بەردەوام پێشتریش حاڵەتی بەکتریامان هەبووە و ئێستاش هەمانە.

،٥- بیرتان نەچێت ئەگەر دڵنیاش بووینەوە هۆکارەکەی ڤایرۆسییە لەوانەیە لێکەوتەی خراپی هەبێت، بەڵام بەراورد بە بەکتریا زۆر کەمترە.
تکایە تکایە تکایە لەبەر هیچ هۆکارێک ژیانی منداڵەکەت مەخەرە مەترسییەوە، ئەگەر گومانت کرد سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان بکە، بۆ ئەوەی چارەسەری پێویست وەربگرێت و بەدوور بێت لە هەموو لێکەوتەیەکی خراپ و حاڵەتێکی خراپ.