لە کەرکوک دوو حەشارگەی رێکخراوی داعش لەناوبران
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
لە ناوچەی جەبەل بۆر دەست بەسەر دوو حەشارگەی پڕ لە بۆمبی چێندراو گیراوە، چەکدارانی رێکخراوی داعش بەنیازبوون لە رۆژانی جەژن کردەوەی تیرۆریستی پێ ئەنجام بدەن.
ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی ئەمڕۆ 27.4.2023 لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردوەتەوە، لەماوەی رابردوو دوو چەکداری رێکخراوی داعش دەستگیرکرابوون یەکێک لەوان لە کاتی دانپێدانان ئەوەی دەرخستووە کە ژمارەیەکی زۆری تەقەمەنی لە ناوچەی جەبەل بۆر هەیە.
ئەو چەکدارانە بە نیازبوون لە شەوی بەر لە جەژن لە بازاڕی پەنجا عەلی تەقینەوە بەو بۆمبانە ئەنجامبدەن.
لە بەیاننامەکە ئەوەش هاتووە، یەکێک لەو حەشارگانە بۆمبڕێژکرابوو، بەڵام بە سەلامەتی توانرا هەموو بۆمبەکان پوچەڵبکرێتەوە.
شەوی پێنجشەممە 20.4.2023 دوو چەکداری رێکخراوی داعش ماتۆرسیکیلێکیان پێبووە، لەکاتی دانانی بۆمبێک لە ناو بازاڕی پەنجا عەلی شاری کەرکوک، پۆلیسی ناو بازاڕ گومانیان لێکردوون و چەکدارەکان تەقەیان لە پۆلیسەکان کردووە و یەکێک لە پۆلیسەکان بەسەختی بریندار بوو.
دوای سێ رۆژ پۆلیسی کەرکوک دوو چەکدارەکەی رێکخراوی داعشی دەستگیرکرد.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی