کارمەندانی سەنتەری ئۆتیزمی سلێمانی مانیان گرت

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

32 کارمەندی سەنتەری ئۆتیزمی سلێمانی ماوەی چوار مانگە موچەیان وەرنەگرتووە و بەو هۆیەوە مانیان گرتووە.

سەنتەرەکە 12 کارمەندی هەمیشەیی هەیە و 32 کارمەندی گرێبەستی هەیە.

ئاراس عوسمان، بەرپرسی لقی سلێمانی سەنتەری ئۆتیزم بە 964ی راگەیاند، بەداخەوە هەستدەکەین هەوڵ هەیە سەنتەرەکەمان دابخرێت، چونکە بەبێ ئەو کارمەندانە کارەکانی سەنتەرەکە بەڕێوە ناچێت.

نوێنەری کارمەندە مانگرتووەکان، کە نەیویست ناوی بهێندرێت بە 964ی وت، موچەمان 300 هەزار دینارە و چوار مانگە وەرمان نەگرتووە، دەشمانەوێت بکرێین بە هەمیشەیی.

وتیشی “تا چارەسەرمان بۆ نەدۆزنەوە مانگرتنەکە ناشکێنین”.

لە شاری سلێمانی 700 منداڵی ئۆتیزم تۆمار کراوە و سەنتەرەکە ساڵی 2019 کراوەتەوە و 55 منداڵ تیایدا سوودمەند دەبن.