خەڵکی گەڕەکی رۆژ سیتی رزگاریان دەبێت

ئاوی قولە جێگرەوەی بۆ پەیدابوو

+964
ژێوار خدر – راپەڕین

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی راپەڕین دوو بیری ئاوی لە دوو گەڕەکی جیاوازی رانیە هەڵکەند، کە یەکێکیان لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی راپەڕین و ئەوەی دووەمیان لەسەر ئەرکی خێرخوازێک و خەڵکی گەڕه‌کەکە بوو.

ئەبوبەکر محەمەد، لێپرسراوی هونەریی دابەشکردنی ئاوی رانیە بە تۆڕی 964 راگەیاند: “بیری یەکەم کە دەکەوێتە گەڕەکی هەوارە بەرزە، وەک پاڵپشتییەک بۆ ئاوی قولەی رانیەیە، بەهۆی ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی وشکە ساڵییەوە ئاستی ئاوەکە زۆر کەمی کردبوو، نەیدەتوانی بڕی پێویستی ئاوی ماڵان دابین بکات، بۆیە ئێمە لە ساڵی 2021 داوامان لە وەزارەتی شارەوانی کرد وەک جێگرەوەیەک بۆ ئاوی قولە، چەند بیرێک لە نزیک تانکی کێوەڕەش لێبدرێت”.

وتیشی، لە ساڵی 2022 لەلایەن وەزارەتی داراییەوە فەرمانی خه‌رجکردنی پارەکەی بۆ دەرچووە و لە قۆناغی ئێستا وەک تێستێک تەنیا یەک بیر لێدەدەین و ئەگەر سەرکەوتوو بوو لە قۆناغی داهاتوودا پێنج بیری دیكه‌ش لە هەمان شوێن لێدەدرێت، كه‌ وەک جێگرەوەیه‌، لە ئەگەری کەمبوونەوەی رێژەی ئاوی قولە سوودیان لێ دەبینرێت”.

“بیرەکە بە قوڵیی 350 مه‌تر لێدەدرێت، لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی راپەڕین بە گوژمەی (69 ملیۆن و 54 هەزار دینار)، 50% کارەکانی تەواو بووە و پێشبینیی دەکەین لە ماوەی دوو هەفتەدا تەواوی کارەکانی کۆتایی بێت”، ئه‌بوبه‌كر محه‌مه‌د وای وت.

سەبارەت بە بیری دووەم، کە دەکەوێتە گەڕەکی رۆژ سیتی، لێپرسراوی هونەریی دابەشکردنی ئاوی رانیە ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بیرەكه‌ لەسەر ئەرکی خێرخوازێک و خەڵکی گەڕەکەکە بە قوڵیی 180 مه‌تر هەڵکەندراوە و نزیکەی 210 ماڵ لێی سوودمەند دەبن، کارەکانیشی گه‌یشتووه‌ته‌ كۆتایی و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکەوێتە کار.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا