1700 نەمام ئاودانیان پێویستە

لە ناڵپارێز بە حەوزی دەستکرد ئاوی نەمامەکان دەدرێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

1700 نەمامی نوێی دوو دارستانی ناڵپارێز لە رێگەی حەوزێکی دەستکردووە ئاو دەدرێن. بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوان دەڵێت، بەهۆی نەبوونی بوودجەوە ئەو حەوزەیان دروستکردووە.

لە هەردوو دارستانی کەوڵۆس و ملەی نەلمە لە ناحییەی ناڵپارێزی سەر بە پارێزگای سلێمانی 1000 نەمامی نوێ چێندراون و 700 نەمامی ساڵی رابردووش ئاودانیان پێویستە.

بەهۆی ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی سلێمانی بوودجەی پێویستیان لەبەردەست نییە، بۆ ئاودانی ئەو نەمامانە حەوزێکی دەستکردیان دروستکردووە، کە سێ تانکەر ئاو دەگرێت.

هاوکار جەلال، بەرێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، نە حەفارەمان هەیە نە بوودجە، بۆیە بۆ پاراستنی ئەو نەمامانە حەوزی دەستکردمان دروستکردووە و بەپێی توانا نەمامەکان ئاو دەدرێن.