11 پارچە زەوی بۆ دەفرۆشرێت

شەقامە 100 مەترییەکەی سلێمانی چاوەڕوانی پارەیە

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بۆ تەواوکردنی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، شارەوانیی شارەکە 11 پارچە زەوی بە بەهای نزیکەی 30 ملیار دینار دەفرۆشێت.

قۆناغی یەکەمی شەقامی 100مەتری سلێمانی 32 کیلۆمەترە، کە دەبێت کۆمپانیایی جێبەجێکار لە ماوەی سێ ساڵدا خۆڵی رێگاکە لە تاسڵوجەوە بۆ دەمرکان بکات بە قیر و حکومەت زیاتر لە 400 ملیار دیناری بۆ ئەم کارە دابین کرد، بەڵام بەهۆی خەرجکردنی بەشێکی پارەکە بۆ مووچە نەمانی نەختینەوە نەتواندرا هەموو پارەکە دابین بکرێت.

رۆژی 11.6.2020 بوو کە یەکەم پاچ لە رێگاکە درا، بەڵام وا نزیک دەبێتەوە لە دوو ساڵ ھێشتا لە قۆناغی بڕین و رێککردنەوەی رێگاکەدایە وبەشێک لە بەرزە پردەکانیش پایەکانیان تەواو کراوە.

شارەوانیی سلێمانی کە سەرپەرشتیی پرۆژەکە دەکات، لە دوارێکاریدا 11 پارچەزەویی نایابی گرانبەها دەخاتە مەزادێکی ئاشکراوە، کەبەھاکەی نزیکەی 30 ملیار دینارە و تەرخانی دەکات بۆ تەواوکردنی شەقامەکە.

زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی بە تۆڕی 964ی وت، “رۆژی 16.5.2023 شارەوانییەکەیان داواکاری کڕینی ئەو موڵکانە وەردەگرێت، کە مەبەست لێی تەواوکردنی قۆناغی یەکەمی شەقامەکەیە لە کۆی سێ قۆناغی”.

ئێستا 46%ی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو کراوە.

ئەبوبەکر تەیب، سەرپەرشتیاری پرۆژەی شەقامی 100مەتری سلێمانی ئەمرۆ چوارشەممە 26.4.2023 بە 964ی وت، “تاکە کێشەی بەردەم شەقامەکە نەبوونی پارەیە، ئەو سستییەی لە شەقامەکەدا بەدیدەکرێ گەرموگوڕی دەکاتەوە”.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد