منداڵێک لە سێمێل تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن بووە

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

منداڵێکی تەمەن ساڵێک ونیو لەسنوری قەزای سێمێل تۆشی نەخۆشیەکی دەگمەن بووە، هەندێکجار 20 بۆ 30 خولەک لەهۆش خۆی دەچێت وەکو کەسێکی مردووی لێدێت دواتریش چاک دەبێتەوە.

ئەو منداڵە ناوی (م. م.)ـە تەمەنی تەنیا نۆ مانگە، بە قسەی کەسوکاری لەکاتی لەدایکبوونی هیچ کێشەیەکی نەبووە، تەنیا رۆژێک دوای لەدایکبوونی تووشی ئەو دەردە بووە.

موسیلح شەعبان، باوکی منداڵەکەیە و قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: بەردەوام سەردانی پزیشک دەکەین بەڵام تائێستا نەتوانراوە جۆری نەخۆشییەکەی دەستنیشان بکرێت.

“منداڵەکەمان ماوە ماوە لە هۆش خۆی دەچێت و  هەموو جەستەی رەق دەبێت و هیچ جولەیەک ناکات، ماوەی لە هۆشچوونی 20 بۆ نیو کاتژمێر دەبێت و لە 24 کاتژمێردا دووجار وای لێدێت”. باوکی وادەڵێت، ئەوەش دەخاتەڕوو کە کوڕەکەی ماوە ماوە ئۆکسجینی بۆ دادەنێن بەهۆی ئەوەی کێشە لە دەمارەکانی هەیە ناتوانرێت کانیۆلای بۆ دابنرێت.

دکتۆر کەمال محەمەد، پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان لە دهۆک بە 964ی وت “هۆکاری نەخۆش کەوتنی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دوای لەدایکبوونی بۆ ماوەیەکی زۆر ئۆکسجینیان بۆ منداڵەکە بەکارهێناوە، ئەمەش کاریگەری زور خراپ کردووەتە سەر جگەری منداڵەکە، بۆیە تووشی ئەو حاڵەتە بووە”.

دەشڵێت: لەرێگای دەرمان و چاودێری بەردەوام وامانکرد ئەو منداڵە بەبێ ئوکسجین بژیت، بەڵام دیارە جارێکی تر تووشی ئیلتیهابێکی تر بووە، هەموو هەوڵێک دەدەین چارەسەری بۆ بکەین.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق