رۆژنامەنووس و چالاکوان و پارێزەرن
لە باکووری کوردستان 150 کەس دەستگیر کران
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لە 21 شاری باکووری کوردستان 150 رۆژنامەنووس، پارێزەر و چالاکوانی سیاسی دەستگیرکران. بەرپرسێکی هەدەپە دەڵێت، هەڵمەتەکە بەردەوامە.
ئۆپەراسیۆنەکە لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە چەند رۆژێکە دەستیپێکردووە و هەڵدەکوتنە سەر بنکەی رۆژنامە و نووسینگەی پارێزەران.
ئاژانسی فوڕات نیوز، لە زاری تەیب تەمەل، جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە” بڵاویکردووەتەوە، ئەو هەوڵانە بۆ نانەوەی ترسە پێش هەڵبژاردنی تورکیا، کە بڕیارە لە 14.5.2023دا ئەنجام بدرێت.
وتیشی، “هەڵمەتەکە دژی پیشەوەرانی وەک رۆژنامەنووس، پارێزەر و چالاکوانانی سیاسین و بە بڕیاری داواکاری گشتیش ئۆپراسیۆنەکە ئەنجام دەدەن”.