بۆ لێکردنەوەی فەریکە قەزوان رۆیشتوون بەڵام دارەکانیان شکاندووە

964+

مەجید بتوێنی-پشدەر

چەند کەسێک لە دەوروبەری ناحیەی ئیسێوە، دوای کۆکردنەوەی فەریکە قەزوان، لق و پۆپی دارەکانیان شکاندووە، پۆلیسی دارستان ئاگادارکراوەتەوە بۆ رێگریکردن لەو کەسانەی ئەو کارەیان ئەنجامداوە.

دوای ئەوەی موختاری گوندەکانی چەکوان وئیسێوەی کۆن، لەسەر شکاندنی لقەکانی چەند دارەبەنێک، سکاڵا لەسەر ئەو ماتۆڕسوارانە دەکەن، کە خەریکی کۆکردنەوەی فەریکە قەزوانن، بەڕێوەبەری ناحیەی ئیسێوە پۆلیسی دارستانیان لێ ئاگاداردەکاتەوە.

دارەبەن، درەختێکی خۆڕسکە لە چیاکانی کوردستان دەڕوێت، ساڵانە لە وەرزی بەهار قەزوان دەگرێت و خەڵک بە فەریکی لێیدەکاتەوە بۆ خۆشکردنی تامی ماستاو و دۆ، لە وەرزی هاوین، لە شیلەی دارەبەن بنێشتی کوردی دروستدەکرێت.

ئەبوبەکر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی ئیسێوە بە 964ی راگەیاند، ئەوان لەسەر داخوازی موختارەکان نووسراویان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و ژینگەی راپەڕین و ئاسایش و بازگەی ئاسایشی ناوچەکە کردووە، تا رێگە بە هاوڵاتیان نەدرێت بە شێوەی هەڕەمەکی بچنە چیاکانی سنوورەکە بۆ قەزوان لێکردنەوە، چونکە لق و پۆپی دارەبەنەکانیان شکاندووەتەوە زیانیان گەیاندوە بە ژینگە.

ئەبوبەکر ئەحمەد ئەوەشی وت “تا ئێستا کەس دەستگیر نەکراوە، بەڵام هەرکەسێک ببینین زیان بە دارەبەنەکان بگەیەنێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکەین”.

ناحیەی ئیسێوە ناوچەیەکی شاخاوییە و سەر بەقەزای پشدەرە لە ئیدارەی راپەڕین، ژمارەی دانیشتووانەکەی سێ هەزار کەسە، 20 گوند لەخۆدەگرێت، ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە داری دارەبەن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی