جەمال کۆچەر: بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دێت

964+

فەهمی نەبی

بڕیارە سبەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەستپێبکاتەوە، ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێت، دوای پەسندکردنی پڕۆژە یاساکە، بەشە بودجەی هەرێم دێت.

بڕى پارەى پڕۆژە یاساى بودجەى گشتى عێراق بۆ 2023، بە 199 تریلیۆن دینار دیاریی کراوە، کە گەورەترین بودجەیەکە لە مێژووى عێراقدا و پشكی هەرێم زیاتر لە 16 ترلیۆن دینارە بە رێژەیی 12.6%ى کۆی بودجەکە بۆ هەرێمى کوردستان دەبێت.

بە گوێرەی وتەی جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بڕیارە سبەی چوارشەممە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی خوێندنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە دەستپێبکاتەوە.

جەمال کۆچەر، ئەمڕۆ 25.4.2023 بە تۆڕی 964ی وت “هەموو پێشبینییەکان ئەوەیە بەر لە سەری مانگ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە تەواو بێت، ئەو کاتەی دەنگدان لەسەر بەشە بودجە تەواو بوو، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دێت”.

ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی پێی وایە بەهۆی ئەوەی ئێستا هەرێم پابەندە بە بڕیارەکانی حکومەتی عێراق لەبارەی فرۆشتنی نەوت، بۆیە هیچ بیانوێک نەماوە بۆ نەهاتنی بەشە بودجە.

دوای بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی پاریس، کە دۆسییەی هەناردەی نەوتی هەرێمی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە لە بەرژەوەندیی عێراق یەکلایی کردەوە، رۆژی 25.3.2023 کۆمانیای نەوتی نیشتیمانیی عێراق بڕیاری راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی دەرکرد.

سەرۆک وەزیرانی عێراق شەممەی رابردوو رایگەیاند لە ماوەی سێ رۆژدا نەوتی هەرێم دووبارە هەناردە دەکرێتەوە، جەمال کۆچەر دەڵێت، نازانم بۆ ئەو نەوتە هەناردە نەکراوەتەوە.