لە موسڵ بەنزینە هەرزانەکە دەستناکەوێت

964+
زەید کۆچەر

ئەمڕۆ لە موسڵ بەنزینە هەرزانەکە دابەشناکرێت، چونکە کێشە لە سیستمی ئەلیکترۆنی خوێندنەوەی کۆبۆن هەیە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی 964، بۆ ئەمڕۆ سێشەممە لە شاری موسڵ رێگە نەدراوە شۆفێرەکان بەنزین تێبکەن و دەرگای سەرجەم بەنزینخانەکان داخراون.

کارمەندێکی لقی موسڵی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ 964ی پشتڕاستکردەوە، چەند کاتژمێرێکە کێشە لە کۆبۆنی بەنزیندا هەیە و جیهازەکان نایخوێننەوە، وتیشی لە هەوڵی چارەسەرکردنیدان.

بەشێک لە هاوڵاتیانی پارێزگای دهۆک بە مەبەستی کڕینی بەنزینی هەرزان (لیتری 450 دینار) دەچنە پارێزگای نەینەوا و بە تایبەتی شاری موسڵ.

دڵشاد گۆران خەڵکی قەزای بەردەڕەشە لە پارێزگای دهۆک، ئەو ئەمڕۆ سێ کاتژمێر لە سەرەی بەنزیندا ماوەتەوە و هێشتا وەرینەگرتووە.

“دوای ئەو ماوە زۆرە لە چاوەڕوانی لە موسڵ گەڕامەوە، چونکە بەنزینخانەکان داخراون”، دڵشاد وای وت.