نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی: رۆژانە پێنج حاڵەتی هەوکردنی مێشک تۆمار دەکەین

964+
دێسکی کوردی

بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەوکردنی مێشکی منداڵان لە هەڵکشاندایە، ئێستا رۆژانە پێنج حاڵەت لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی تۆمار دەکرێت، بە قسەی بەڕێوەبەرەکەی.

ئەمڕۆ سێشەممە، دکتۆر پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی، “ئەگەرچی ئەم نەخۆشییە دەمێکەیە هەیە، بەڵام ئەم ماوەیە کتوپڕ ژمارەی توشبوون بەرزبووەتەوە، ئێستا رۆژانە لانیکەم پێنج حاڵەتمان هەیە”.

هەفتەی رابردوو، سەرەتا لە هەڵەبجە دەستنیشانی ئەم نەخۆشییە کرا، دواتر سلێمانی و شەوی رابردووش لە گەرمیان یەکەم حاڵەت پشتڕاستکرایەوە.

دکتۆر پشدەر باسی لەوە کرد کە دوو ئەگەر هەن، هۆکاری نەخۆشییەکە یان ڤایرۆسە یان بەکتریا، کە خۆی و زۆربەی دکتۆرەکانی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی پێیانوایە ڤایرۆس بێت.

“ئەگەر ڤایرۆس بێت ئەوا لێکەوتەکانی ئاسانترە بە یەک تاوەکو دوو رۆژ چارەسەر حاڵی منداڵەکان باش دەبێتەوە”، دکتۆر پشدەر وای وت.

لە ئەگەری ئەوەی هۆکارەکە بەکتریا بێت، ئەو دکتۆرە دەڵێت، “لێکەوتەکانی باش نین، هەندێکجار ئیفلیجبوونی مێشک و هەندێکجاری دیکە لەدەستدانی بینینی لێدەکەوێتەوە”.

بەگوێرەی زانیارییەکانی 964، تاوەکو ئێستا سەدان منداڵ وەکو توشبووی هەوکردنی پەردەی مێشک لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان تۆمار کراون.

هەروەها هیچ حاڵەتێک لە نەخۆشخانە و فەرمانگە و لایەنە فەرمیەکانی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان رانەگەیەنراوە.

بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەیەکی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان و سبەینێ لیژنەیەکی وەزارەتی تەندروستی عێراق سەردانی شاری سلێمانی بکەن و بەشدار بن لە پلانی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە.