لە کاتی ئاگرکەوتنەوە بە ئاسانی بیاندۆزەرەوە
ژمارەیەک خاڵی ئاگرکوژێنەوە لە شاخی گۆیژه دانران
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
رێکخراوەکان و ژینگەدۆستان لە خەمی گۆیژەدان و ژمارەیەک خاڵی ئاگرکوژێنەوەیان بۆ شاخەکە دانا، کە هەم بۆ حاڵەتی نەخوازراو بەکاردێن و هەمیش دار و دەرختەکانیان پێ ئاودەدەن.
فریاد تاهیر ئەندامی رێکخراوی گەشەپیدانی سی دی ئۆ و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی پاراستنی شاخی گۆیژە بە 964ـی وت، ماوەی سێ ساڵە بەهەموو شێوازێک خزمەتی شاخەکە دەکەن و دوای رووداوی ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییەش بیریان لەوە کردووە رێگەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو رووداوە نەخوازراوانە بدۆزنەوە.
“سەرەتا 18 خاڵی ئاگرکوژێنەوەمان دانا، ئێستا کردوومانە بە 36 خاڵ کە بەسەر 200 دۆنم زەوی لە شاخی گۆیژە دابەش کراون”، فریاد تاهیر وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکان، لەو خاڵانە بۆ ئاودانی دار و درەختەکانی گۆیژە کەڵک وەردەگرن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری