ئاوی گوندێکی چەمانكێ بەهۆی تێکەڵبوونی پاشماوەی نەوت پیس بووە

964+

عەمار عەزیز-دهۆک

نزیکەی هەفتەیەکە ئاوی خواردنەوەی گوندی گەڤەڕکێ لەسنوری ناحیەی چەمانکێ بەهۆی پاشماوەی نەوتی رەش پیسبووە، بەو هۆیەوە دانیشتوانی گوندەکە ناتوانن ئاوەکە بخۆنەوە.

ئەمجەد عوبێد، خەڵکی گوندی گەڤەرکێیە، دەمێکە ماڵی خوی گواستووەتەوە بۆ دهۆک، بەڵام بەهاوینان دەچێتەوە گوندەکەی بە 964ی وت “نەک تەنیا ئاو بەڵکو، خاک و هەوای گوندەکەش پیس بووە، بەگشتی ئاوەی گوندەکە پیسبووە و بەکەڵکی خواردنەوە نایەت، هەرکاتێک کە دەچینەوە گوند ئاو لەگەڵ خۆمان دەبەین”.

بەوتەی ئەمجەد عوبێد، پاشماوەی بیرەنەوتییەکان لەگەڵ ئاوی گوندەکە تێکەڵ بووە، تەنانەت گەیاندۆتە باخەکانی گوندەکە”.
فاخر محەمەد ساڵح، موختاری گوندی گەڤەڕکێیە بە 964ی وت “نزیکەی 20 ماڵ لە گوندەکە هەن، هەموویان تەنیا لە وەرزی هاوین دێنەوە گوند، ئەوانیش بۆ باخداری دێنەوە، ئەوە بۆ دووەمجارە ئاوی گوندەکە پیس دەبێت”.

فاخر محەمەد ئەوەش دەڵێت: ئیدارەی ناحیەی چەمانکێ ئاگاداری بابەتەکەیە، ساڵی پاریش بەهەمان شێوە دووچاری هەمان حاڵەت بووین ماوەیەک پاکبوویەوە، ئەم ساڵ جارێکی تر پیسبۆتەوە”.

دڵشاد عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ژینگەی دهۆک، قسەی بۆ 964 کرد دەڵێت: بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەین و بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی ناحیەکە دەکەین، پشکنینی بۆ دەکەین، جارێ لەمە زیاتر ناتوانین هیچ شتێکی تر بڵێین تا بەمەیدانی بەدواداچوونی بۆ دەکەین”.

گوندی گەڤەڕکێ بەدووری سێ کیلۆمەتر دەکەوێتە سەنتەری ناحیەی چەمانکێ، گوندەکە نزیکەی 20 ماڵ دەبێت، بیرێکی نەوت لە نزیکی گوندەکە هەیە، جگە لەمەش حەوت بۆ هەشت بیری دیکەی نەوت لەسنوری ناحیەی چەمانکێ هەن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی